سەردێڕ:

ئەمریکا هۆشداری دایەوە سوریا لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی

جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-05

1946 جار خوێندراوەتەوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشداری دایە سوریا لە پەنابردن بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دوای کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا.

جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە (٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) هۆشداری دایە حکومەتی سوریا لەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بکاتە بەهانە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی.

بۆڵتۆن بەر لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل لە فڕۆکەکەیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ڕووی نەداوە و، ئەگەر ڕژێمی سوریا پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بباتەوە، ئەوا وەڵامێکی "زۆر توندیان" دەبێت، هەروەک چۆن لە دوو جاری ڕابردوودا هەیانبووە.

ئەو لێپرسراوە باڵایەی ئەمریکا وتی، "پێویستە لەسەر ڕژێمی ئەسەد کە نابێت هیچ بیرکردنەوەیەکی هەبێت لەوبارەیەوە."

بۆڵتۆن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەش کە باسی دەکەن دەربارەی وردەکاریی چۆنێتی کشانەوەکەیان لە سوریا، نایانەوێت ڕژێمی سوریا وا بزانێت ئەو هەنگاوە سوککردنی هەڵوێستیانە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ.

ئەو وتانەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨دا ڕایگەیاند، بەپەلە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ناوخۆی سوریا دەکشێنێتەوە، ئەو هەنگاوەش نیگەرانی ناوخۆیی و دەرەوەی ئەمریکایشی بەدوای خۆیدا هێنا، بە شێوەیەک ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمریکا و هەریەکە لە وەزیری بەرگری و نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش دەستیان لە پۆستەکانیان کشاندەوە.

دواتر ترەمپ ڕایگەیاند، بە شێوەیەکی هێمن لە سوریا دەکشێنەوە و وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکاش ڕایانگەیاند هیچ خشتەیەکی زەمەنییان نییە بۆ کشانەوە لە ناوخۆی سوریا، بەڵام تا کۆتایی لەوێ نامێننەوە.

ع.م