سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی نهێنییەکانى زیندانی ئاکرێ و مامەڵەى بەرپرسانی ئاشکرادەکات

زیندانی ئاکرێ
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2019-01-05

36312 جار خوێندراوەتەوە

لەودیو دیوارەکانییەوە دەیان چیرۆکی تراژیدی و ئەشکەنجەدانی نهێنی و بەسەرهاتی دڵتەزێن هەن، زیندانی ئاکرێ خاوەنی مێژوویەکی کۆن و ناوێکی بە سام و بە ئازارە لەناو کۆمەڵگای کوردی لە باشوری کوردستاندا.

زیندانی ئاکرێ، ڕژێمی بەعس دروستیکرد و بۆ زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی زیندانیانی کورد و مانەوەی سەربازانی ڕژێم بەکاریدەهێنا.

لە ساڵی ١٩٩١ و دوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس لە کوردستان، ژمارەیەک خێزانی قەرەج تیایدا نیشتەجێبوون و وەکو شوێنی نیشتەجێبوونیان بەکاریانهێنا، دواتر و لە ساڵی نەوەدەکاندا جارێکی دیکە کرایەوە بە زیندان، بەڵام ئەمجارە ڕژێم نەبوو، بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتدارانی کورد و حزبێکی سیاسیی کوردییەوە، وەکو شوێنێکی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتییانی کوردستان بەکاردەهات، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە لەسەر پرسی سیاسی دەستگیردەکران.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئێن ئاڕ تی لە چەند شایەتحاڵێک و بەشێک لە پاسەوانەکانییەوە دەستیکەوتوون، ئەو زیندانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بنەما مرۆییەکان و لەپێناو دانپێدانانی زیندانییەکاندا، یان لەبەر هەڵوێستە سیاسییەکانیان، هەموو جۆرێکی ئەشکەنجەدان لەو زیندانەدا بەکارهێنراوە، هەر بەپێی وتەی بەشێک لە شایەتحاڵەکان، لەژێر کاریگەریی ئەشکەنجەداندا دەیان زیندانیی تووشی نەخۆشیی سەخت بوون.

لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی و پەکەکە دا، زیندانیی ئاکرێ لەلایەن پارتییەوە وەکو گرتوخانەیەکی سیاسی بەکاردەهات و هیچ دەزگایەکی ئەمنیی دەسەڵاتی بەسەر ئەو زیندانەدا نەبووە، گواستنەوە و ئازادکردنی گیراوەکانیش لە دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەدا نەبووە، بەڵکو ڕاستەوخۆ بڕیاریان لە بەرپرسە حزبییەکانی سەروو خۆیانەوە وەرگرتووە.

لە ئێستاشدا زیندانی ئاکرێ وەکو شوێنێکی سەربازی بەکاردێت، سەرەڕای ئەوەی کە دەکەوێتە سەنتەری قەزای ئاکرێوە کە شوێنێکی گونجاو نییە بۆ کاری سەربازی، چەندین جار هاوڵاتییانی قەزاکە، بە تایبەت ئەوانەی لە نزیک ئەو شوێنە نیشتەجێن، داوایانکردووە زیندانەکە بکرێتە خوێندنگە یان باخچەی ساوایان یان باخچەیەکی گشتی و یاریگایەک، بەڵام تا ئێستا داواکارییەکەیان بێ ئەنجام بووە.

دیواری زیندانەکە نزیکەی سێ مەتر بەرزە، لە بەشی ناوەوەی زیندانەکەدا جگە لە چەند ژوورێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئیداری، سێ هۆڵی گەورەی زیندانیکردن و چەند ژوورێکی زیندانی تاکەکەسی و ژێرزەمینێک هەیە، کە هیچ پەنجەرەیەکی تێدا نییە.

لەلایەن دەسەڵاتدارانی زیندانەکەشەوە ڕێگا بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چالاکانی مافی مرۆڤ نادرێت سەردانی زیندانەکە بکەن، تەنانەت ڕێگە نادرێت لە دەرەوەی زیندانەکەش هیچ وێنەیەک بگیرێت، بۆیە تا ئێستاش کەمترین وێنە و ڤیدیۆ لەسەر ئەو زیندانە لەبەردەستدان.

ئ.ر