سەردێڕ:

هێزە ئەمنییەکانی عێراق چەند تونێل و حەشارگەیەکی داعشیان لە تکریت ئاشکراکرد

یەکێک لەو تونێلانەی ئاشکرا کراوە
فۆتۆ: سەنتەری ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق
2019-01-05

17154 جار خوێندراوەتەوە

بە مەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا، هێزە هاوبەشەکان لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سەڵاحەدین، هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان لە ناوچەکە دەستپێکرد و ژمارەیەک حەشارگەی چەکدارانی داعشیان ئاشکراکرد و تێکوپێکیاندا.

لە بەیاننامەیەکدا سەنتەری ڕاگەیاندنی ئەمنی بڵاویکردەوە، ئۆپراسیۆنەکە بە پشتیوانی فڕۆکەی جەنگی دەستیپێکردووە بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکانی "دورگەی تکریت"، کە بەهۆیەوە توانراوە ١٠ تونێلی تیرۆریستان و حەوت حەشارگەی خۆراک و تەقەمەنی ئاشکرا بکرێت و، هەموو تونێل و حەشارگەکان تێکوپێک دراون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر لە ئۆپراسیۆنەکەدا حەشارگەیەک لەژێر زەوی ناوچەکەدا دۆزراوەتە، کە خۆراک و کەلوپەلی پزیشکی و شوێنی ڕاگرتنی ئوتۆمبێل و شوێنی هەڵگرتنی سوتەمەنی لەخۆگرتووە.

لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی هێزە ئەمنییەکان، چەکدارێکی داعش دەستگیرکراوە، کە بڕێکی زۆر خۆراک و کەلوپەلی پێبووە.

لە دوای جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە، هێزە ئەمنییەکان ئۆپراسیۆنی جیاجیایان لەو ناوچانە دەستپێکردووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش و ڕێگەنەدان بە دروستکردنەوەی شوێن و پێگەی خۆیان لەو ناوچانە.

ع.م