سەردێڕ:

ڕوونکردنەوەی هاوپەیمانی نەسر سەبارەت بە ڕۆیشتنی عەبادی لە بەغدا

حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆک وەزیرانی پێشوو
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-05

9775 جار خوێندراوەتەوە

سەبارەت بەو هەواڵانەی کە بڵاودەکرێتەوە گوایە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بەغدای جێهێشتووە، هاوپەیمانی نەسر کە ناوبراو سەرکردایەتی دەکات جەختیکردەوە، عەبادی بەردەوام دەبێت لە پرۆژەی هاوپەیمانی نەسر وەک پرۆژەیەکی نیشتمانی عێراقی.

لە بەیاننامەیەکدا هاوپەیمانی نەسر ئەمڕۆ شەممە (٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) ڕایگەیاندووە، "هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاودەکرێتەوە سەبارەت بەوەی حەیدەر عەبادی عێراق یان بەغدای جێهێشتووە دوورە لە ڕاستییەوە، ئەو قسانە بەشێکە لە برەوپێدانی ئەجێندای بیانی ئاشکرا و بەشێکە لە ململانێی بێ بەها، کە لایەنی نابەرپرس ئەنجامی دەدەن."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو  قسانە وەک ئەو هەڵمەتە درۆیە وایە کە بڵاوکرایەوە سەبارەت بەوەی عەبادی چەند خانووبەرەیەکی دەوڵەت بەکاردەهێنێت."

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاوپەیمانی نەسر ڕایگەیاندووە، هەموو لایەک دەزانێت کە عەبادی لە ماوەی دەسەڵاتیدا هیچ پێشێلکارییەکی نەکردووە و تواناکانی دەوڵەتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارنەهێناوە، چۆن چووەتە بەر بەرپرسیارێتییەوە ئاواش لێی دەرچووە و لە ئێستاشدا لە یەک شوێن دەمێنێتەوە.

هاوپەیمانێتییەکە داوای پابەندبوونی کردووە بە بەها باڵاکانی سیاسەتەوە و ئەرکی سیاسییش بریتییە لە خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەیان.

ئەو بەیاننامەیەی هاوپەیمانی نەسر لەکاتێکدایە، لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنەوە هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر بەغدای جێهێشتووە.

لە مانگی ڕابردووشدا هێزێکی ئەمنی سەربە حکومەتی عێراق هەڵیانکوتایە سەر شوێنی حەوانەوە و مانەوەی عەبادی لە بەغدا و وا بڵاوکرایەوە گوایە عەبادی لە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی دەسەڵاتەکانی هێشتا چەندین خانووبەرەی دەوڵەتی بەدەستەوەیە و رادەستیان ناکاتەوە، بەڵام ئەو وتانە لەلایەن هاوپەیمانێتییەکەیەوە ڕەتکرانەوە.

ع.م