سەردێڕ:

نانسی پیلۆسی رەخنەگری تڕەمپ بە سەرۆکی ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە

نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-05

6583 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەنوێ نانسی پیلۆسی نازناوی بەهێزترین ژنی لە سیاسەتی ئەمریکادا بەدەستهێنایەوە کاتێک بۆ جاری دووەم بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە.

 لەیەکەم کاریشیدا نامەیەکی ئاڕاستەی دۆناڵد تڕەمپ کرد و داوایلێکرد ئامادەی کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنەکەیان ببێت تا باسی دۆخی ئەمریکا بکات.

هەڵبژاردنەوەی نانسی پیلۆسی بۆ ئەو پۆستە، سەرەتایەک دەبێت بۆ دەستپێکردنی ململانێ سیاسییەکان لە نێوان تڕەمپ و پیلۆسیدا.

یەکەم ململانێشی هەوڵدانێتی بۆ کردنەوەی فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانی ئەمریکا، کە لە ٢٢ ی مانگی ڕابردووەوە داخراون، کاتێک دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کە زۆرینەن، ڕەتیانکردەوە بڕی ٥ ملیار دۆلار لە بودجەی گشتی تەرخان بکەن بۆ بونیدانانی دیوارێکی جیاکەرەوە لەنێوان ئەمریکا و مەکسیکدا.

بەڵام دیموکراتەکان ڕوبەڕوی تڕەمپ بوونەوە و لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتیدا ئەو بڕە پارەیەیان تەرخاننەکردووە، هەرچی تڕەمپیشە هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە ئەگەر لە  پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیدا بوجەی پێوست بۆ بونیادنانی دیوارەکە تەرخاننەکرێت، ئەوا هیچ  پرۆژە یاسایەک کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە بهێنرێتە بەردەستی واژۆی لەسەر ناکات.

لە کاتێکیشدا ئەو دۆخە چەقبەستووەی نێوان کۆشکی سپی و دیموکراتەکان بەردەوام بێت، ئەوا پێشبینی دەکرێت کارەکانی حکومەت تا هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ٢٠٢٠ نیمچە ئیفلیج ببێت.

بەڵێنێکی تری نانسی پیلۆسی بەرلەوەی ببێتەوە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەیە کە کار بۆ ئەوە دەکات دەنگی پێویست بۆ لەسەرکارلابردنی تڕەمپ لە پۆستەکەی کۆبکاتەوە، ئەگەر لێکۆڵینەوەکان بیسەلمێنن روسیا لەبەرژەوەندی تڕەمپ دەستیوەرداوەتە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

بەڵام تڕەمپ بەبێ بایەخەوە لەو ڕێوشوێنانە دەڕوانێت و لە ئێستاوە خۆی بۆ بەدەستهێنانی خولێکی تری سەرۆکایەتی ئەمریکا لە سالی ٢٠٢٠ دا ئامادە دەکات.

ساڵی ٢٠٠٧ پیلۆسی بۆ یەکەمجار بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و تا ساڵی ٢٠١١ لەو پۆستەدا بووە، کە ئەو کات دژایەتی توندی جۆرج دەبلیو بوشی دەکرد لە جەنگی دژ بە عێراق، لە ئێستاشدا بووەتە یەكێك لە بەهێزترین نەیارەكانی تڕمپ.

سەبارەت بە بڕیارەکەی تڕەمپ بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، نانسی پیلۆسی رەخنەی توندی لە تڕەمپ گرت کە چۆن دەستبەرداری هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورد دەبێت.

هەر بۆیە چاودێرانی سیاسیی  پێشبینی ململانێیەكی بەهێز دەكەن لە نێوان نانسی و تڕەمپ لە ئەنجومەنێک کە زۆربەی ئەندامەکانی کە ٢٣٥ ئەندامن دیموکراتن و ئەوانی تریش کە ٢٠٠ ئەندامن سەر بە کۆمارییەکانن، کە گرنگترینیان تەرخانکردنی بودجەیە بۆ بونیادنانی دیوارێکی جیاکەرەوە لەنێوان ئەمریکا و مەکسیک.

ع.ا