سەردێڕ:

چاوەڕواندەکرێت لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا کابینەی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی تەواوبکرێت

تا ئێستاش پەرلەمان کابینەی حکومەتەکەی عەبدولمەهدی بە تەواوی پەسەند نەکردووە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-04

1541 جار خوێندراوەتەوە

لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا چاوەڕواندەکرێت پۆستەکانی بەرگری و داد و ناوخۆ یەکلایی بکرێنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا سەلیم جبوری و هیشام دەڕاجی بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری کاندید کراون و، هاوپەیمانی وەتەنەییە لە تاوتوێی ئەو دوو ناوەدان بۆ ئەوەی یەکێکیان پۆستی وەزارەتی بەرگری وەربگرێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، هەریەکە لە دارا نورەدین بۆ پۆستی وەزارەتی داد و فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ کاندید کراون.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکی و ڤیتۆی هاوپەیمانێتییە جیاجیاکانی ناو پەرلەمانەوە، نەتوانراوە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و داد یەکلایی بکرێنەوە.

کاندیدکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی داد، کە بڕیاربوو بدرێت بە کورد، بووە جێگەی ناکۆکییەکی توندی نێوان پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نشتمانیی کوردستان و، تا ئێستاش نەیانتوانیوە لەسەر کەسێک ڕێکبکەون بۆ ئەوەی کاندیدی بکەن بۆ ئەو وەزارەتە.

پۆستی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگرییش هەریەکە لە هێزە شیعە و سوننەکانی لەتکردووە و، تا ئێستاش نەیانتوانیوە خۆیان یەکلایی بکەنەوە بۆ ئەوەی کابینەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی تەواوبکرێت.

پەرلەمانی عێراق ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدەدات.

ع.م