سەردێڕ:

ئەمریکا سەبارەت بە شێوازی کشانەوە لە سوریا راوێژ بە تورکیا و ئیسرائیل دەکات

فۆتۆ: 
2019-01-04

1530 جار خوێندراوەتەوە

جۆن بوڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی نیشمانی كۆشكی سپی رایگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن سەبارەت بە شێوازی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و هه‌ماهه‌نگیكردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان، سه‌ردانی ئیسرائیل و توركیا ده‌كات.

جۆن بوڵتۆن له‌ تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی‌ تویته‌ر رایگه‌یاند: " به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانانمان بۆ چۆنێتی هه‌ماهه‌نگیكردن له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا، پاراستنی پێگه‌ی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ له‌ دژی داعش جه‌نگان، رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و رێگه‌گرتن له‌ چالاكییه‌ خراپه‌كارییه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌چینه‌ توركیا و ئیسرائیل".

ئەوەشی راگەیاندوە، هەریەکە لە جه‌میس جێفری، نوێنه‌ری ئه‌مریكا بۆ كاروباری سوریا و جۆزیف ده‌نفۆرد، سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئه‌مریكا لە کۆبونەوەکانی تورکیادا بەشداردەبن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، پاش سەرکەوتنیان بەسەر ڕێکخراوی داعشدا لە سوریا، کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانیان بکشێننەوە، ئەو بڕیارەش کاردانەوەى لێکەوتەوە و وەزیرى بەرگرى ئەو وڵاتە و نێردراوی تایبەتی هاوپەیمانی دژ بە داعش بەهۆى ناڕازیبوونیان لە بڕیارەکە دەستیان لەکارکێشایەوە.

ئ. ف