سەردێڕ:

میدیا جیهانییەکان.. کەنەدا بەهۆی ڕێگریی بەغداوە ناردنی چەکی بۆ پێشمەرگە ڕاگرتووە

میدیا جیهانییەکان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-04

1478 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

ماڵپەڕی ناشناڵ پۆستی کەنەدی لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری کەنەداوە ئەوەی ئاشکرا کردووە، کەنەدا تا ئێستا هیچ پلانێکی نیە ئەو چەکانە بگەیەنێتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە کە نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر بەڵێنی پێدابوون. ماڵپەڕەکە ئاماژە بەوەدەکات، ساڵی ٢٠١٦ بەغدا ڕێگربوو لەوەی کەنەدا ئەو چەکانە  بە هێزەکانی پێشمەرگە ببەخشێت و لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەریشەوە، کەنەدا بڕیاری ناردنی چەکەکانی ڕاگرت. بە گوێرەی بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگری کەنەدا، چەکەکان لە کۆگایەکی چەکدا لە شاری مۆنتریاڵ هەڵگیراون تا ئەوکاتەی حکومەتی کەنەدا بڕیاری لەبارەوە دەدات.

++++

بە گوێرەی ئاماری مانگانەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، مانگی ڕابردوو، ٣٢ کەس لە عێراق بەهۆی توندوتیژیەوە کوژراون کە ئەوەش کەمترین ڕێژەیە کە یونامی لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا تۆماریکردبێت، بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، مانگی ڕابردوو ٣٢ کەسی دیکەش بەهۆی هێرشە تیرۆرستییەکان و ڕوبەڕوبونەوەی چەکداری لە عێراق برینداربوون.

++++

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ نیوزماکس، ڕایگەیاندوو، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکشێنەوە، ئەمریکا جەخت لەوەدەکاتەوە کە کوردانی سوریا لەلایەن تورکیاوە ناکوژرێن، پێکهاتە ئاینییەکان لە سوریا پارێزراو دەبن. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا نیگەرانی راستەقینەی لەبارەی تورکیاوە هەیە، یەکێک لەو نیگەرانیانەش دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی ئەمریکییە لە تورکیا.

+++

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی باکوری رۆژئاوای سوریا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیادیکردووە و لە نوێترین روبەروبونەوەدا، دوێنێ پێنجشەممە گروپی نورەدین زەنگی هێرشیان کردە سەر کۆمەڵەی ئیسلامی لە کۆنتڕۆڵی شاری دارەیان کردووە و پێنج لە چەکدارەکانیان کوشتن،  پێشتریش ڕۆژی سێشەممە گروپی تەحریرشام هێرشیان کردۆتە سەر ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی جوڵانەوەی نورەدین زەنگی دان.

++++

لە بەشی تەندروستی ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانیدا ئاماژە بەوەکراوە، پزیشکانی منداڵان لە بەریتانیا ڕایانگەیاندووە کە پێویست ناکات دایکان و باوکان هێندە نیگەرانی ئەوەبن کە منداڵەکانیان ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنن چونکە بەڵگەی کەم هەیە کە زیانی بۆیان هەبێت، بەڵام پزیشکەکان ڕێنمایی دەدەنە دایکان و باوکان کە ڕێگە نەدەن بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان لەلایەن منداڵەکانیانەوە ڕێگربێت لە چالاکی ڕۆژانە و خەوتن و وەرزشکردنیان.