سەردێڕ:

یەکێتی: شەوانە دامودەزگا ئەمنییەکانی هەولێر هەڵدەکوتنە سەر کادیرانی یەکێتی

​لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ کادری یەکێتی لە هەولێر دەستگیرکراون
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-04

10133 جار خوێندراوەتەوە

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سێ کادری یەکێتی لە هەولێر دەستگیرکراون کە لە نێویاندا کارگێری مەڵبەندی هەولێری یەکێتی تیادایە.

لەسەر دەستگیرکردنی کادرەکانیان، مەڵبەندی هەولێری یەکێتی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا و رایگەیاند، شەوانە دامودەزگا ئەمنییەکانی هەولێر هەڵدەکوتنە سەر کادیرانى حزبەکەیان و دەبرێن بۆ شوێنى نادیار.

باسیلەوەشکرد، بەردەوامى ئەو کارانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى هەولێرەوە تەبایی پارتى و یەکێتى تێکدەدات و ئۆباڵى هەر کارێکى نەخوازراو دەکەوێتە ئەستۆى هێزە ئەمنییەکانى هەولێر.

حاجی مەسیفی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی داواى لە هێزە ئەمنییەکان کرد کادرانیان ئازاد بکەن، ئەگینا ئۆباڵى هەر ڕووداوێکى نەخوازراو دەکەوێتە ئەستۆى هێزە ئەمنییەکانى شارى هەولێر.

پێشڕەو وەیسی کارگێری مەڵبەندی سێی هەولێری یەکێتی یەکێک لەو کەسانەیە کە لەلایەن ئاسایشى هەولێرەوە دەستگیرکراوە و ئاسایشى هەولێریش پشتڕاستیکردەوە کە ئەو کادیرەى یەکێتى لەلایەن ئەوانەوە دەستگیرکراوە.

 تارق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای دەستگیرکردنی کوڕێکی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم لە سنوری گەرمیان، ئەو کادرەی یەکێتیان دەستگیرکردووە و تا ئەو کاتەی کوڕەکەی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم ئازاد نەکرێت، کادرەکەی یەکێتی ئازاد ناکەن.

لاى خۆیەوە، عەلى قەدورى وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان بە ئێن ئار تى ڕاگەیاند، برایەکى ئەکبەر حاجى رۆستەم دووجار سکاڵاى لەسەر ئەکبەر و دوو کوڕى تۆمارکردووە بە بیانووى هەڕەشەى کوشتن و بڕینى کارەباى باخەکەى.

وتیشى لەسەر سکاڵاکان دوو کوڕى ئەکبەر دەستگیرکراون و دواتر بریاردراوە بە کەفالەت ئازادبکرێن، بەڵام پێش ئازادکردنیان دادوەرى لێکۆڵینەوەى ئاسایشى سلێمانى داوایکردووە یەکێکیان بنێرن بۆ ئاسایش چونکە لەسەر دۆسیەک فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکراوە، بۆیە ئەوان ئەو کەسەیان ڕادەستى ئاسایش کردووە.

وەیسی ساڵح  باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوەکانیش دەڵێت کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە، کوڕەکەى تەنها لەسەر یەکێتی بوونى دەستگیرکراوە.

جگە لە پێشرەو وەیسی، هەر یەکە لە غانم سه‌باح لێپرسراوی گشتی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سەر بە یەکێتی له‌ سنووری مه‌خموور و پارێزەر هەرێم ڕەفعەت ماوەی چەند ڕۆژێکە دەستگیرکراون و تائێستا هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ئاشکرا نەکراوە.

گۆران دیبەگەیی، پارێزەری دۆسیەکەی هەرێم ڕەفعەت دەڵێت، دەستگیرکردنی هەرێم نایاساییە، لەلایەن سەندیکای پارێزەرانی کوردستانیشەوە نووسراویان ناردوە بۆ ئاسایش بەمەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەکەی.

جگە لە دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسە، هێزەکانی ئاسایش لە هەولێر چوونەتە سەر ماڵی لێزان بەکر گردە سۆری، لە ڕوونکردنەوەیەکیشدا بەکر گردەسۆری دەڵێت، ئەوەی ڕوویدا لە دیمەن و جوڵەى ئەمنییەکان، ئاسان نییە و داواش دەکات مەکتەبی سیاسی حزبەکەی وەڵامبداتەوە کە بۆچى ڕوویداوە؟

ئ.ر

‌بەپەلە