سەردێڕ:

رۆژانە ٣٠٠ منداڵی سوری لە تورکیا لەدایکدەبن

منداڵە سوریەکانی لەدایکبووی تورکیا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-03

799 جار خوێندراوەتەوە

لە ئێستادا سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار هاوڵاتی سوریی لە شارەکانی تورکیادا دەژین و رۆژانەش بە تێکڕا ٣٠٠ منداڵی سوری لەم وڵاتەدا لەدایکدەبن.

دەزگای وردبینی گشتی لە تورکیا لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی (سوریەکان لە تورکیادا) ئاشکرایکردووە، لە ئێستادا لە تورکیادا سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار سوری دەژین و پێشبینیش دەکرێت ئەم ژمارەیە لە ١٠ ساڵدا بە ٤-٥ ملیۆن کەس بگات.

بەپێی راپۆرتەکەش لەم ژمارەیە ٣٨٠ هەزار منداڵ لە تورکیادا لەدایکبوون و بەم جۆرەش رۆژانە بە تێکڕا ٣٠٠ منداڵی سوری لە شارەکانی تورکیادا لەدایکدەبن.

بەپێی یاسای رەگەزنامەی تورکیش هەر منداڵێک لە تورکیادا لەدایکدەبێت بۆ ئەوەی ببێت بە خاوەن رەگەزنامەی تورکیا، دەبێت لانی کەم دایک یان باوکی رەگەزنامەی تورکیایان هەبێت، هەر لەبەر ئەوەش کۆتاییی ساڵی رابردوو سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئومێد دەکەن پەرلەمان هاوکاربێت تاکو رەگەزنامەی وڵاتەکەی بەم منداڵانە بدرێت.

تورکیا تا ئێستا زیاد لە ٣٠ ملیار دۆلاری بۆ سوریەکان خەرجکردووە.

%٩٣ی پەنابەرانی سوریا لە تورکیا لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین و بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش تەنها لە شاری ئیستانبوڵدا نیو ملیۆن سوری دەژین.

پاش سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ و شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ساڵانی دواتری ئەو وڵاتە، ملیۆنان هاوڵاتی سوری ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون و ژمارەیەکی زۆریشیان روویان لە شارەکانی تورکیا کرد.

ع.ا