سەردێڕ:

بەریتانیا مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بە هاوسەری "قەسابەکەی" کۆمەڵکوژیی حەمای سوریا بەخشیوە

رەفعەت ئەسەد مامی بەشار ئەسەد
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-02

11011 جار خوێندراوەتەوە

بەریتانیا بەرامبەر کارە وەبەرهێنەکانی مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بە یەکێک لە هاوسەرەکانی ڕەفعەت ئەسەدی مامی بەشار ئەسەد، کە بە "قەسابەکەی حەما" ناسراوە، بەخشیوە.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، ئامۆژنەکەی بەشار ئەسەد، کە بەهۆی هۆکارە یاساییەکانەوە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە و بە کۆدی (LA) ناوی هاتووە، داوای ڕەگەزنامەی بەریتانیی کردووە، بەڵام داواکەی ڕەتکراوەتەوە و لە ئێستادا تەنها مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هەیە.

بەپێی زانیاریی ڕۆژنامەکە، بەرامبەر ئەوەی بەڵێنی وەبەرهێنانی چەندین ملیۆن پاوەندی داوە لە بەریتانیادا ئەم مافەی وەرگرتووە.

(LA)ی تەمەن ٦٣ ساڵان ساڵی ٢٠٠٦ بە ڤیزای وەبەرهێنان ڕۆشتووەتە بەریتانیا و مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بە خۆی و دوو کوڕە (٢٢ و ٣٧) ساڵانەکانیشی دراوە.

ئامۆژنەکەی بەشار ئەسەد، ساڵی ٢٠١٢ ئەو کاتەی تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا وەزیری ناوخۆ بووە، ئەم مافی نیشتەجێبوونەی وەرگرتووە.

باوکی ئەسمای هاوسەری بەشار ئەسەدیش فەواز ئەخرەس لەو کەسە نزیکانەی بەشار ئەسەدە، کە لە بەریتانیادا دەژین و ئەسماش لەدایکبووی ئەو وڵاتەیە.

ڕەفعەت ئەسەدی مامی بەشار ئەسەد سەرپەرشتی هێزی تایبەتی سوریای کرد بۆ سەرکوتکردنی سەرهەڵدانەکەی برایانی مسوڵمان لە شاری حەما لە (٢ی شوباتی ١٩٨٢)، کە لە ٢٧ ڕۆژدا دەیان هەزار کەس کوژران و سەدان هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییش، ژمارەی کوژراوەکانی کۆمەڵکوژییەکەی شاری حەما لە نێوان ١٠ بۆ ٢٥ هەزار کەسدایە.

ع.ا