سەردێڕ:

عێراق بڕی داهات و هەناردەی نەوتی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە

کەمترە لە مانگی تشرینی دووەم
یەکێک لە بەندەرەکانی هەناردەکردنی نەوت لە باشوری عێراق لەسەر ئاوی کەنداو
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-02

3766 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردەی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردووی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، ڕۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل بووە و لەو مانگەدا زیاتر لە ١١٥ ملیۆن بەرمیل هەناردەی دەرەوە کراوە و بڕی زیاتر لە شەش ملیار دۆلار داهاتی هەبووە.

عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە (٢ی کانونی دووەمی ٢٠١٩) ڕایگەیاند، بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) سەرجەمی هەناردەی نەوتی خاو لەو مانگەدا گەیشتووەتە ١١٥ ملیۆن و ٥١٧ هەزار و ٩٧٤ بەرمیل.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی نەوتی هەناردەکراو لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوری عێراقەوە گەیشتووەتە ١١٢ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار و ٣٦٧ بەرمیل ، لەکاتێکدا بڕی هەناردەی کێڵگەکانی نەوتی باکور لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە لەو مانگەدا گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٦٧ هەزار و ٦٠٧ بەرمیل.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، لەو بڕە نەوتەی کە لە مانگی ڕابردوودا فرۆشراوە، بڕی شەش ملیار و ٩٩ ملیۆن و ٦٦٢ هەزار دۆلار داهاتی بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەستەبەرکردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا ٥٢ دۆلار و ٨٠ سەنت بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق مانگی ڕابردوو لە ڕاپۆرتی خۆیدا بڕی هەناردە و داهاتی مانگی تشرینی دووەمی ڕابردووی بڵاوکردەوە، کە بڕی ١٠٠ ملیۆن و ٨٩٥ هەزار و ٣٤٢ بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە کرابوو، بەوەش بڕی شەش ملیار و ١٧٥ ملیۆن و ٦١٧ هەزار دۆلار داهاتەکەی بووە.

ع.م