سەردێڕ:

پزیشکێک مەترسیی خواردنە لەقوتوکراوەکان ئاشکرا دەکات

فۆتۆ: 
2019-01-02

1936 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێکی پسۆڕ لە چاوپێکەوتنێکی ئێن ئاڕ تی دا تیشکی خستە سەر خواردنە لەقوتوکراوەکان و خواردنە بەستووەکان، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو خواردنانە هۆکارن بۆ تووشبوون بەشێرپەنجە.

لە بڕگەی تەندروستیی بەرنامەی بەیانیت باش کوردستان لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی، د. سەروەر لەکی پسپۆڕی شێرپەنجە و پزیشکی فیزیایی، باسی لە مەترسیی هەندێک خواردن و کاریگەرییان کرد لەسەر مرۆڤ، هۆشیاریدا لە خواردنی خۆراکی لە قوتوکراو و خواردنی بەستوو.

د. سەروەر لەکی- پسپۆڕی شێرپەنجە و پزیشکی فیزیایی، لەبارەی پەیوەندیی خواردن بە نەخۆشی و بەتایبەت شێرپەنجەوە وتی "خواردنە لەقوتوکراوەکان و خواردنە بەستووەکان، سەرەکییترین ئەو خواردنانەن کە دەبنە هۆی شێرپەنجە، بەهۆی بوونی ماددەی کیمیایی و ماددەی پارێزگاریی تێیاندا، چونکە ئەو ماددانە لەناو جەستەدا کارلێک دەکەن و دەبەنە هۆی دروستبوونی رەگە سەربەستەکان، کە ئەو رەگە سەربەستانە وادەکەن خانەکان بەشێوەی ناجۆر دابەشببن و ببێتە هۆی شێرپەنجە".

ئەو پزیشکە پسپۆڕەی شێرپەنجە، ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە خەڵکی بگەڕێنەوە بۆ ژیانی سروشتیی و گرنگیی زیاتر بەسەوزەو میوەبدەن و ژیانیان سروشتیی بکەنەوە بۆ ئەوەی دووربن لەو نەخۆشییە.

پێشتریش لە چەندین بابەتی تەندروستیدا و بەپشت بەستن بەچەند توێژینەوەیەکەی پزیشکیی ئەوە خراوەتەڕوو کە "کاربۆهیدرات و دانەوێڵەی تەواو بەهۆی دەوڵەمەندی بە ڕیشاڵەکان، کاری کۆئەندامی هەرس باشتردەکات و ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە.

هەمیشە شارەزایانی تەندروستیی رێنمایی خەڵکی دەکەن "سەوزە و میوە بخۆن بەهۆی دەوڵەمەندییان بە ڤیتامین سی، لەخواردنی گۆشتی لەقوتوکراو دووربکەونەوە، ماسی زۆر بخۆن بەتایبەت جۆرە چەورەکانی وەك سەلەمۆن و سەردین، لە کێشانی جگەرەوە خواردنەوە کحولییەکان دووربکەونەوە".

هـ،ڕ