سەردێڕ:

میدیا جیهانییەکان: پۆلیسی فەڕەنسا ١٤ کۆچبەری عێراقی دەستگیرکردووە

پۆلیسی فەڕەنسا ١٤ کۆچبەری عێراقی دەستگیرکردووە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-02

850 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

ماڵپەڕی ئەلحوڕەی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پەرلەمانتارێکی عێراق کە تیایدا دەردەکەوێت تەقە بە ئاسماندا دەکات کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێناوە. وەحدە جەمیلی پەرلەمانتاری عێراق کە ئەندامی لیژنەی مافەکانی مرۆڤی پەڕلەمانە لە شەوی سەری ساڵدا لە شاری بەغدا دەردەکەوێت، بە تەقەکردن خۆشی خۆی دەربڕیووە، ئەمە لە کاتێکدا بەهۆی تەقەکردن و یارییە ئاگرینەکانەوە، لە شەوی سەری ساڵدا کەسێک لە عێراق گیانی لەدەستداوە و ٧٧ کەسی دیکەش برینداربوون.

++++

رۆژنامەی دیکەنی تورکی، باس لەوەدەکات، خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لە سەردانێکیدا بۆ پارێزگای دیلۆکی باکوری کوردستان ڕایگەیاندووە، وڵاتەکەی لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شەڕی دژ بە داعش لە سوریا دەستپێدەکات. ئەم وتەیەی ئاکار دوای ئەوەدێت، ترەمپ ڕایگەیاندبوو، داعش بەشێوەیەکی فراوان تێکشکاوە و وڵاتانی ناوچەکە، لە نێویشیاندا تورکیا، دەتوانن شەڕ دژ بەو چەکدارانەی داعش بکەن کە لە سوریا ماون.

++++

ڕۆژنامەی عەرەب نیوزی سعودی نوسیویەتی، لە شاری حەلەبی باکوری سوریا شەڕ لە نێوان دوو گروپی چەکداری ئۆپۆزسیۆندا ڕوویداوە و ژمارەیەک چەکدارێکیشیان لە یەکتری کوشتووە، بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، شەڕەکە لە نێوان گروپی تەحریر شامی سەر بە قاعیدە و گروپی نورەدین زینکیدا ڕوویداوە کە لەلایەن توریاوە پشتیوانی دەکرێت، رۆژنامەکە دەڵێت، ئەو دوو گروپە انگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتبوون لەسەر ڕاگرتنی شەڕ لە نێوانیاندا.

+++

ماڵپەڕی بی بی سی، بڵاویکردووەتەوە، شی جینپینگ سەرۆکی چین ڕایگەیاندووە، هاوڵاتیانی دوورگەی تایوان دەبێت ئەوە قبوڵبکەن کە دوورگەکەیان دەبێتەوە بە پارچەیەک لە خاکی چین. ناوبراو داوایکردووە بەشێوەیەکی ئاشتیانە پڕۆسەی بەیەکەوەلکاندنی تایوان بە خاکی چینەوە بەڕێوەبچێت، ئەمە لەکاتێکدایە، تایوان سیستەمی خۆبەڕێوەبەری هەیە بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی سەربەخۆیی خۆی لە وڵاتی چین ڕانەگەیاندووە.

++++

ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی نوسیویەتی، پۆلیسی فەڕەنسا ١٤ کۆچبەری عێراقی دەستگیرکردووە کە هەوڵیانداوە لە کەناڵی ئینگلتەراوە بۆ بەریتانیا بپەڕنەوە، رۆژنامەکە بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی داواکارێکی گشتی لە فەڕەنسا ئەوەی خستووەتەڕوو، کۆچبەرەکان کە ژن و منداڵیشیان لەگەڵدابووە، ویستوویانە بەلەمێکی ڕاوەماسی بدزن و بۆ کۆچەکەیان بەکاریبهێنن.

ش.ق