سەردێڕ:

کەرکوک.. گرێبەستەکانى جوتیاران نوێ ناکرێنەوە

١٨ هەزار و ٥٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە
گرێبەستەکانى جوتیاران لە کەرکوک نوێ ناکرێنەوە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-02

1654 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەرپشککردووە، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و پەسەندکردنیان، بەڵام بڕیارەکە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکوک ناگرێتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، پێویستە ئەو کەسانەی گرێبەستی کشتوکاڵیان بۆ دەردەچێت یان گرێبەستیان بۆ نوێدەکرێتەوە، ڕێکاری یاسایی پێویست جێبەجێ بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوک بە چارەسەر نەکراوی ماونەتەوە.

زهێر عەلی بەرێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ناتوانن هیچ گرێبەستێکی کشتوکاڵی نوێ بکەنەوە و له داهاتوشدا لیژنەیەک پێکدەهێنن بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان.

پارێزەر عەلی حسێن ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکانی پارێزگای کەرکوک بەوەکالەت، سەبارەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکان کە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا دەریکردوە، هیچ کارێکی پێناکرێت و ناشتوانرێت جێبەجێ بکرێت، ئەوەش  بەپشتبەستن بە مادەی نۆ لە یاسای ژمارە ٣٥ ساڵی ١٩٨٣ کە هەر بڕیارێکی نوێ لەلایەن وەزارەتەوە دەربکرێت، ئەوا بڕیارەکانی پێشتر کاریان پێ ناکرێت.

لە سنوری پارێزگای کەرکوکدا کە ١٨ هەزار و ٥٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی هەیە، تەنها نزیکەی سێ هەزار دۆنمی ئەو ڕێژەیە کێشەی گرێبەستیان نییە و زۆرینەی زەوییە کشتوکاڵییەکان کێشەی گرێبەستیان هەیە، لەماوەی ساڵی ڕابردووشدا بەشێک لە عەرەبە هاوردەکان جارێکی دیکە گەڕانەوە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنورەکە و ئەوەش ئاڵۆزی لەنێوان دانیشتوانی گوندەکان و عەرەبە هاوردەکاندا دروستکرد.

ش.ق