سەردێڕ:

تەقەکردنی ژنەپەرلەمانتارێکی عێراق کاردانەوەی لێکەوتەوە

تەقەکردنی ژنەپەرلەمانتارێکی عێراق لە شەوی سەری ساڵی نوێدا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی هاووڵاتی بەدوای خۆیدا هێنا
فۆتۆ: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
2019-01-02

29836 جار خوێندراوەتەوە

تەقەکردنی ژنەپەرلەمانتارێکی عێراق لە شەوی سەری ساڵی نوێدا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی هاووڵاتی بەدوای خۆیدا هێنا و دواتر ئەو  پەرلەمانتارە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

وەحدە جومەیلی ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی "داوای لێبوردن دەکەم من ژنێکی عەشایەریم و ئەو شەوە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریی کوڕێکی خۆشەویستمان هەبووە لە شاری رومادی و لە ناوچەیەکی گوندنشین لە پارێزگای ئەنبار.

 لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، گولـلەکانیش  گولـلەی دەنگیی بوون.

چالاکانی مەدەنی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی ئەو پەرلەمانتارەیان بڵاوکردبۆوە، لە کاتی ئاهەنگەکانی سەری ساڵی زاینیداو لە پەنجەرەی ئوتۆمبێلەکەیەوە دەستی دەرهێنا و بە دەمانچە تەقە دەکات و کەسێکش ستایشی دەکات، ئەو هەنگاوەش پێچەوانە و پێشێلی یاسایە کە لە ئاهەنگەکاندا بە هەموو شێوەیەک تەقەکردنی قەدەغە کردووە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، وەحدە جومەیلی کە لە هەمانکاتدا ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤیشە، یاسای پێشێلکردووە و پێچەوانەی ڕێنماییەکانی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدایە، کە ڕێگری دەکات لە تەقەکردن  و ئەو کارەش بووەتە تاوانێکی ئاشکرا بە گوێرەی یاسا.

بەپێی یاسا هەر کەسێک لە شار و شارۆچکە و گوندەکان بە بێ مۆڵەتی فەرمی، لە ئاهەنگ  بۆنەکاندا تەقە بکات، سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک لە ساڵێک کەمتر نەبێت و لە ٥ ساڵ زیاتر نەبێت.

ع.م