سەردێڕ:

ناکۆکییەکانى عەبدولمەهدى و عەبادى لە پەرەسەندندایە

ناکۆکییەکانی نێوان عەبدولمەهدی و عەبادی ڕۆژ بەڕۆژ لە فراوانبووندایە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-02

6162 جار خوێندراوەتەوە

لەنوێترین پەرەسەندنى ناکۆکییەکانى سەرۆک وەزیرانى ئێستاو پێشووى عێراق، دەستەى پاسەوانیى عادل عەبدولمەهدى هەڵیانکوتایە سەر یەکێک لەو کۆشکانەى کە حەیدەر عەبادی تێدا نیشتەجێیە لەناوچەى سەوزى ناوەڕاستى بەغدا.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو کۆشکەى عەبدولمەهدى داواى دەکات لەئێستادا عەبادى زیاتر وەک ئۆفیسى سەرەکیی هاوپەیمانێتى نەسر بەکاریدەهێنێت، بەڵام لە کۆتا رۆژ ساڵى ٢٠١٨ بووە ناونیشانێکى گەورەى ناکۆکییەکانى هەردوولا، چونکە فەرماندەى پاسەوانەکانى عەبدولمەهدى کە ناوى لیوا ئازادەو پێشتر سەر بەرێکخراوى بەدر بووە بەزەبرى هێز هەڵیان کوتایە سەرى و سەرچاوە میدیاییەکانیش باسى دەستبەسەرکردنى خێزانى عەبادى ـ یان کرد لەناو کۆشکەکە، بە پاساوى ئەوەى لە ئێستادا بووەتە شایستەیی سەرۆک وەزیرانى نوێ و چیتر عەبادى مافى ئەوەى نەماوە تێیدا نیشتەجێ بێت.

دەستوپێوەندى عەبادى و چەند سەرکردەیەک لە هاوپەیمانێتییەکەى بەتدوندى ئیدانەى ئەم هەڵسوکەوتەى پاسەوانەکانى عەبدولمەهدییان کرد، ئەم نزیکانەى عەبادى بەوە پاساویان هێنایەوە بۆ مانەوەى ناوبراو لە کۆشکەکەدا کە بەئاگاداری سەرۆکى پەرلەمان بووە. بەڵام درەنگانێکى شەوى سەرى ساڵ محەمەد حەلبوسى لەرێگەى بەیاننامەیەکەوە هێرشى کردە سەر عەبادى و رایگەیاند هیچ ئاگادارى مانەوەى عەبادى نییە لەخانووەکانى دەوڵەت، بەم پێیەش بەناڕاستەخۆ پاڵپشتى بۆ هەنگاوەکەى عەبدولمەهدى دەربڕی.

چاودێران ئەم ناکۆکییەى دوایی دەبەستنەوە بەپەرەسەندنى ناکۆکییەکانى هەردوولا کە بەردەوام پێشهاتى تازە بەخۆیانەوە ئەبینن، بەجۆرێک لەگەڵ دانانى عادل عەبدولمەهدیدا بەسەرۆک وەزیران سەرەتاى ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردوو، هاوکاریی و پێکەوە گونجانى زۆر لەنێوان سەرۆک وەزیرانى نوێ و پێشوودا کە حەیدەر عەبادییە هەبوو، تەنانەت عەبادى پەیجەکانى فەیسبوکى سەرۆکایەتى وەزیرانى ڕادەستى عەبدولمەهدى کرد. بەڵام پاش چەند رۆژێکى کەم و بەبێ هیچ راگەیەنراوێک عەبادى یەکێک لەپەیجەکانى وەرگرتەوەو لەنوسینگەى خۆى بەبێ هیچ سیفەتێکى فەرمى کەوتە دیدارو پێشوازیکردنى بەرپرسان، بەدواى ئەوەشدا حکومەتى عەبدولمەهدى سەرجەم بڕیارەکانى حکومەتى کاربەرێکەرى راگرت بۆ پێداچوونەوە، ئەمەش بوو بەهۆى توڕەکردنى سەرۆک وەزیرانى پێشوو حەیدەر عەبادى.

ع.م