سەردێڕ:

لە کێوماڵکردنی چیای مەکحولدا چەند تونێل و حەشارگەی داعش دۆزرانەوە

دیمەنی بەشێک لە چیای مەکحول لە پارێزگای سەلاحەدین
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-01

21490 جار خوێندراوەتەوە

دەزگای هەواڵگریی سەربازیی سەربە وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ لە زنجیرە چیای مەکحول لە پارێزگای سەڵاحەدین چوار تونێل و خەندەقێکی داعشیان دۆزییەوە کە نزیکەی ٣٠ مەتر درێژە.

لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە (١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩) بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای هەواڵگریی سەربازی بڵاویکردەوە، لەکاتی ئۆپراسیۆنێک بۆ کێوماڵکردنی زنجیرە چیای مەکحول لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە هاوکاریی شانەکانی هەواڵگری و هێزەکانی دژەتیرۆر و هێزە سەربازییەکان و حەشدی شەعبی و هێزی ئاسمانی، هێرشکرایە سەر ئەو ناوچانەی کە گومان هەبووە چەکدارانی داعشیان تێدابێت لە زنجیرە چیاکە، دوای گەڕان و پشکنینی ورد توانراوە چوار تونێل و خەندەقێک ئاشکرابکرێت، کە درێژییەکەی ٣٠ مەترە و چەکدارانی داعش بۆ خۆحەشاردان و حەوانەوە بەکاریانهێناوە.

هەر لە ئۆپراسیۆنەکەدا دەستگیراوە بەسەر ٢٣ دەبەی مادەی نتراتی ئامۆنیا، کە بۆ بۆمبی دەستکرد بەکاردێت؛ هەروەها دەستگیراوە بەسەر ٣٦ بۆمبی جیاجیا و ٢ دەبە مادەی سی فۆر و چەند گولـلە ئاڕ پی جییەک و چەندین ئامێرێکی بێدەنگکردنی چەکی دەمانچە و چەند بڕێک لە خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی جیاجیا.

دوای پشکنین و هەڵگرتنەوەی تەواوی بۆمب و مادە تەقەمەنییەکان، لەلایەن یەکەی ئەندازیاری سوپاوە، سەرجەم تونێل و خەندەقەکەش تەقێنراونەتەوە و تێکوپێکدراون.

ئەو ئۆپراسیۆنەی هێزە هاوبەشەکانی عێراق لەکاتێکدایە، ناوبەناو لێرە و لەوێ چەکدارانی داعش دەرکەوتوونەتەوە و لە چەند ناوچەیەکیش هێرش و کردەوەی چەکدارییان ئەنجامداوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی پارێزگای دیالە.

ع.م