سەردێڕ:

واشنتۆن پۆست: ترەمپ لە ٢٠١٨دا ڕۆژانە ١٥ درۆی کردووە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-01

5470 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا تێکڕا ڕۆژانە ١٥ درۆ، هەڵە و شێواندنی ڕاستیی کردووە کە سێ هێندەی هەڵەکانی ساڵی ٢٠١٧ی دەکات.

بەپێی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، گروپێک کە بەردەوام چاودێریی هەموو لێدوانەکانی ترەمپیان کردووە و دواتر ئەنجامەکانیان بڵاوکردووەتەوە، دەرکەوتووە تەنها لە ساڵی ٢٠١٨دا پێنج هەزار و ٦١١ هەڵە و بەلاڕێدابردنی زانیاری لە قسە و لێدوانەکانی ترەمپدا هەبووە، کە تێکڕا دەکاتە ١٥ درۆ و هەڵە بۆ هەر ڕۆژێک.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧دا هەزار و ٩٨٩ جار زانیاریی هەڵە و بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکانی ئەنجامداوە، بەم جۆرەش ترەمپ لە ٢٠١٨دا بە نزیکەیی سێ هێندەی ساڵی ٢٠١٧ درۆ، هەڵە و بەلاڕێدابردنی زانیاریی ڕاستی ئەنجامداوە.

واشنتۆن پۆست لە درێژەی بابەتەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ترەمپ ئەو ڕۆژەی کە لەگەڵ سیناتۆری شاری تەکساس تێد کروزدا لە شاری تەکساس دەبێت، ڕیکۆردی هەڵەکانی دەشکێنێت و تەنها لەو ڕۆژەدا ٨٣ جار (ڕاستیی شێواندن، درۆ)ی کردووە.

لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٨دا کاتێک ترەمپ لە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، "لە هەموو مێژووی وڵاتەکەمدا لە فەرمانڕەواییەکەی مندا زۆرترین سەرکەوتن بەدەستهاتووە"، ئامادەبووان دەستیان با قاقالێدان کرد و ترەمپیش هیچ خۆی تێکنەدا و وتی، "چاوەڕێی ئەم وەڵامەم نەدەکرد، بەڵام کێشە نییە."

ترەمپ لە لێدوانێکیشدا ڕایگەیاندبوو، ئۆباما بە چواردەوری ماڵەکەیدا دیوارێکی سێ مەتریی دروستکردووە. بەڵام دوای ئەو لێدوانە دراوسێکانی ئۆباما ڕایانگەیاند، دیواری وەها بوونی نییە و دەتوانرێت هەموو ماڵەکەی ئۆباما لە دەرەوە ببینرێت.

ع.ا