سەردێڕ:

گەورەترین مەترسییە ئەمنییەکانی جیهان بۆ ساڵی ٢٠١٩ ئاشکراکران

گەورەترین مەترسییە ئەمنییەکانی جیهان بۆ ساڵی ٢٠١٩ ئاشکراکران
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-01

4947 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

رۆژنامەی عەرەب نیوزی سعودی بڵاویکردووەتەوە، جەنەڕاڵ تامیر هایمن سەرۆکی هەواڵگری سەربازیی ئیسڕائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە ئێران دەتوانێت هاوشێوەی سوریا، دەسەڵاتەکانی لە عێراقدا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بکاتە شوێنێک بۆ خاڵی هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل، هایمن ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق لە ژێر کاریگەری هێزی قودس و ئێراندایە.

+++++

ماڵپەڕی ئەلعەرەبیە بڵاویکردووەتەوە، هێزی ئاسمانی عێراق پێگەیەکی چەکدارانی داعشیان لە پارێزگای دێرزووری سوریا تێکشکاندووە، ماڵپەڕەکە بەیانامەیەکی وەزارەتی بەرگری عێراقی بڵاوکردووەتەوە، کە ڕایگەیاندووە، هێرشە ئاسمانییەکە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی داعشی لە گوندی سەوسە کردووەتە ئامانج و  فڕۆکەی ئێف ١٦ لە هێرشەکەدا بەکارهێندراوە.

++++

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی ئاماژە بە تویتێکی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە نوسیویەتی، پڕۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لەسەرخۆ بەڕێوەدەچێت و لە هەمان کاتیشدا هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامدەبن لە شەڕی دژ بە داعش. ئەم تویتەی ترەمپ، وتەیەکی پێشتری سیناتۆر لیندسی گراهام پشتڕاستدەکاتەوە کە ڕایگەیاندبوو، لە کۆبوونەوەیەکیدا ترەمپ جەختی لە تێکشکاندنی تەواوی داعش کردوەتەوە.

++++

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە شیکردنەوەیەکدا گەورەترین مەترسییە ئەمنییەکانی جیهان بۆ ساڵی ٢٠١٩ دەخاتە ڕوو، رۆیتەرز نوسیویەتی، جەنگی بازرگانی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و چین، هەروەها مامەڵەی سەربازی روسیا لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ستراتیژە کتوپڕ و پێشبینی نەکراوەکانی ئیدارەی ئەمریکا بە مەترسی ئەمنی بۆ ساڵی نوێ دادەنرێن، رۆیتەرز سەبارەت بە سوریا نوسیویەتی، ئەمساڵ ساڵێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەو وڵاتە و ئەگەری هەیە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ببێتە هۆی ئەوەی تورکیا و سوریا خاکی زیاتری ژێر دەستی هێزە کوردییەکان کۆنتڕۆڵبکەن.

+++

ڕۆژنامەی سترەیتس تایمز بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی رۆچوونی زەوییەوە لە وڵاتی ئیندۆنیزیا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و ٣٨ کەسی دیکەش بێسەروشوێنبوون. بە گوێرەی ماڵپەڕەکە رۆچوونی زەوییەکە لە پارێزگای جاڤای ڕۆژئاوا روویداوە و ئەوەش بەهۆی بارانی بەخوڕەوە دروستبووە، و لە ئێستادا تیمەکانی فریاکەوتن بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە بێسەروشوێنن.

+++++

ئاژانسی هەواڵی سپوتنیک باس لەوەدەکات، ئێران نێوەندگیری دەکات لە دانوستانە ئاشتییەکانی ئەفغانستاندا و لەو چوارچێوەیەدا شاندێکی بزوتنەوەی تاڵیبان سەردانی ئێرانی کردووە لەگەل جێگری وەزیری دەرەوەی ئێراندا کۆبوونەتەوە، ماڵپەڕەکە دەڵێت، بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایانگەیاندووە لە کۆی ٤٠٧ ناوچەی ئەفغانستان دەستیان بەسەر ٦١ ناوچەدا گرتووە.

ش.ق