سەردێڕ:

کیم جۆنگ ئون: ئەگەر گەمارۆکانی ئەمریکا بەردەوام بن رێگایەکی نوێ دەگرینەبەر

کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-01

1999 جار خوێندراوەتەوە

کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور رایگەیاند، ئەگەر گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر وڵاتەکەی بەردەوام بن، رێگایەکی نوێ دەگرنەبەر.

لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا کە بەبۆنەی ساڵی نوێوە بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون رایگەیاند، "هەمووکات ئامادەم لەگەڵ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆببمەوە و هەوڵیش دەدەم بگەینە ئەنجامێک کە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە پێشوازی لێبکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت و بەردەوام بێت لە بڕیارە تاکلایەنە و گەمارۆکانی بۆ سەر وڵاتەکەمان، بژاردەیەکی دیکەمان لەبەردەستدا نابێت جگە لەوەی کە رێگایەکی نوێ بۆ پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییەکانمان بگرینەبەر".

سەرۆکی کۆریای باکور روونینەکردەوە، مەبەست لەو رێگا نوێیە چییە کە بەرامبەر ئەمریکا دەیگرنەبەر و وردەکاری لەو بارەیەوە ئاشکرا نەکرد.

١٢ى مانگى حوزەیرانی ٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور دیدارێکی مێژووییان لە سەنگاپورە ئەنجامدا و هەر دوولا رێککەوتن سەبارەت بە داماڵینی کۆریای باکور لە چەکی ئەتۆمی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان هەنگاو بهاوێژن. بە وتەی چاودێرانی سیاسیش لەو کاتەوە تائێستا دانوستانەکانی واشنتن و پیونگیانگ بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە.

ش.ق