سەردێڕ:

هەواڵگری ئیسڕائیل: هەژمونی ئێران لە عێراق هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتەکەمان

ئالای ئیسڕائیل
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-01-01

1801 جار خوێندراوەتەوە

تامیر هایمەن سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئیسڕائیل رایگەیاند، ئێران دەتوانێت هەژمونی خۆی لە عێراقدا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بکاتە شوێنێک بۆ خاڵی هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تێلئەبیب ژەنەڕاڵ تامیر هایمەن رایگەیاند، "عێراق لەژێر کاریگەرییە گەشەسەندووەکەی هێزی قودس و ئێراندایە." وەکو ئاماژەیەک بۆ فەیلەقی قودس کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن و ئەرکە دەرەکییەکانی سوپاکە جێبەجێ دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران دەتوانێت عێراق وەکو سەکۆیەک بەکاربهێنێت بۆ خۆ جێگیرکردن وەکو چۆن لە سوریادا کردوویانە و بەکاریبهێنن بۆ هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل."

سەرۆکی هەواڵگری سەربازیی ئیسڕائیل پێشبینیشی کرد ساڵی ٢٠١٩ گۆڕانکارییەکی گرنگ لە سوریا رووبدات، جەختی لەوەشکردەوە، " بوونی ئێران لە سوریا و گەڕانەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ ئەو وڵاتە لە ژێر چەتری روسیادا، ئەو شتەیە کە ئێمە لەنزیکەوە چاودێری دەکەین".

ئیسڕائیل بوونی ئێران لە ناوچەکە بە هەڕەشەیەک دەزانێت بۆ سەر وڵاتەکە و لە سوریاش دەیان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەو بنکە سەربازییانەی کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت ئێرانی بن.

مانگی ئابی ٢٠١٨، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ئێران موشەکی بالیستی مەودا کورتی ڕادەستی گروپە شیعەکانی عێراق کردووە و هەواڵەکەش لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە ڕەتکرایەوە.

ش.ق