سەردێڕ:

موفتى سوننەکانى عێراق و دیوانى وەقفی شیعی: پیرۆزبایی سەرى ساڵ حەرامە

کاردانەوەى لێدەکەوێتەوە
حەرامکردنی پیرۆزباییکردنى سەری ساڵ کاردانەوەى لێدەکەوێتەوە
فۆتۆ: 
2018-12-31

3353 جار خوێندراوەتەوە

سەرى ساڵى زاینى کێشە لەنێوان هەندێک لەپیاوانى ئاینى سوننە و شیعە دروست دەکات و لایەنە فەرمییەکان و هەندێ لەڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنیش هەوڵدەدەن لەپێناو پێکەوەژیان و تێپەڕاندنى گرێکانى ڕابردوو بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.

 سەرەتاى ئەم گرژییە لەفەتوایەکى مەهدى سمێدعی، پیاوى ئاینى سوننەوە هات کە خۆى بەموفتى سوننەکانى کۆمارى عێراق دەناسێنێت لەبارەى حەرامییەتى بەشداریی پیرۆزبایی سەرى ساڵ.

هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا گرتەیەکى ڤیدۆیی سەرۆکى دیوانى وەقفى شیعى عەلا موسەوى بڵاوبووەوە، کە هەمان ناوەڕۆکى هەیە و ڕەخنە لەئاهەنگگێڕان و پیرۆزبایی سەرى ساڵ دەگرێت، بەڵام دواتر ناوبراو رایگەیاند قسەکە لەچوارچێوەى خۆى دەرهێنراوە.

ئەو هەڵوێستە ئاینییانە چەندین کاردانەوەى توند و بەیاننامەى ناڕەزایی لەلایەنە مەسیحییەکانەوە بەدواى خۆیدا هێنا و بەشى زۆرى ئەوانە بەدرێژکراوەى بیرى داعش دایانە قەڵەم، هەر لەو میانەیەشدا گروپى چەکدارى بابلیون کە میلیشیایەکى مەسیحى سەر بەحەشدى شەعبییە داوایەکى یاسایی لەسەر سمێدعى تۆمارکردووە و داواى دەستگیرکردنى دەکات، ئەگەر نا هەڕەشە دەکات خۆى کارەکە ئەنجام بدات. وەزارەتى ئەوقافى هەرێمى کوردستانیش لەرێگەى بەیاننامەیەکەوە ئیدانەى فەتواکەى سمێدعى کرد و دیوانى وەقفى سوننەش بەهەمانشێوە رەتیکردەوە.

لەسەر ئاستى ناوخۆى شیعەکانیش فەتوایەکى پێشووى سیستانى بەشێوەیەکى بەربڵا و دەستاودەستى پێکرا کە ڕێگە بەپیرۆزبایی سەرى ساڵ نادات ئەگەر ببێتە هۆى بانگەشە بۆ مەسیحییەت، بەڵام دواتر فەتوایەکی ترى ناوبراو بڵاوکرایەوە کە بەشتێکى ئاسایی دەبینێت. ئەم ناڕوونییەش لەدیدى مەرجعى باڵاى شیعەکان بووە جێگەى ڕەخنەى چالاکانى بوارى پێکەوەژیانى ئاینەکان بەوپێیەى چاوەڕوانییەکان لەسیستانى لەوبارەیەوە زیاترە.

کاردانەوەى ڕێکخراوە مەدەنییەکانى عێراق، لەسەر فەتوا ئاینییەکانى دژى سەرى ساڵ چەند هەنگاوێکى کردەیی لەخۆ دەگرێت، هەندێکیان داواکاریی بەشدارییەکى چڕى خەڵک دەکەن لە ئاهەنگەکانى سەرى ساڵ وەک پەرچەکردار، هەندێکیتر هەڵمەتێکى ملیۆنییان بەرپاکرد بۆ ناردنى نامەى پیرۆزبایی بۆ ژمارە مۆبایلى ئەو پیاوە ئاینیانەى پیرۆزبایی سەری ساڵیان حەرام کردووە.

لایەنە فەرمییەکانى دەوڵەتى عێراق بەڕوونکردنەوە و بەیاننامە هەوڵیانداوە گرژییە ئاینیەکە هێور بکەنەوە و حکومەتیش ڕۆژى کریس مسى کردە پشوى فەرمى ساڵانە، بەڵام بەهۆى هەستیارى ئەم پرسە و نزیکایەتى لەسەردەمى حوکمڕانى داعش، بابەتەکە ڕووبەرێکى بەرفراوانى سۆشیاڵ میدیا و گفتوگۆى ناوەندە میدیایی و سیاسییەکانى داگیرکردووە، بەتایبەت لەسایەى بارودۆخێکدا کە مەسیحییەکانى عێراق هەمیشە سکاڵاى پەراوێزخستنیان هەیە و لەم ساڵانەى دواییشدا موڵک و ماڵەکانیان کەوتە بەر تەماحى باند و مافیا جۆراوجۆرەکان.

ئ.ر