سەردێڕ:

ڕۆژئاواى کوردستان.. کاردانەوەکانى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا

فۆتۆ: 
2018-12-31

7681 جار خوێندراوەتەوە

کوردەکانى ئێمەیان تووشیی شۆک کردەوە.. هێزەکانمان بە خاوى دەکشێنەوە، ئەمە دوو بابەتن کە لە ئێستادا بوونەتە جێگاى مشتومڕى بەرپرسانى واشنتن سەبارەت بە پرسی سوریا و شێوازى جێهێشتنى ڕۆژهەڵاتى فوڕات لەو وڵاتە.

ژمارەیەک لە بەرپرسانى واشنتۆن کە بۆ ڕۆژنامەى نیویۆرک تایمز قسەیان کردووە، ئەوەیان ڕوونکردووەتەوە، بانگهێشتکردنى حکومەتى سوریا لەلایەن کوردەکانەوە بۆ پڕکردنەوەى جێگەی هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا بەرپرسەکانى ئیدارەى واشنتنیان تووشی سەرسوڕمان کردووە، چونکە لەم حاڵەتەدا بە وتەى ئەو بەرپرسانە هاوپەیمانێکى ئەمریکا، کە هەسەدەیە، داواى لە حکومەتى سوریا کردووە ڕووبەڕووی هاوپەیمانێکى تری ئەمریکا ببێتەوە کە ئەویش تورکیایە. ئەو بەرپرسانەى ئەمریکا ئاماژەشیان بەوە داوە، بانگهێشتکردنى حکومەتى سوریا بۆ ئەو ناوچانە بەبێ هەماهەنگی و کارى هاوبەش بووە لەگەڵ ئەمریکا.

ئەو هەماهەنگییەى هەسەدە لەگەڵ دیمەشق و هاتنەوەى سوپای سوریا، کە هاوپەیمانى ڕوسیایە، بۆ ناوچەکانى کورد هەڵوێست و پێگەى ئەو کەسانەى لەناو ئیدارەى واشنتن، کە لە دژی کشانەوەى هێزی ئەمریکا بوون، لەم قۆناغەدا بەهێزتر کرد و؛ بووە هۆکارى ئەوەى ترەمپ گرنگی بە ڕەخنەکانیان بدات.

لەوبارەیەوە سیناتۆری کۆمارییەکان لیندزی گراهام، کە بە یەکێک لە سیناتۆرە ڕەشبینەکان دەربارەى بڕیارەکەى ترەمپ دادەنرێت و بە توندی ڕەخنەى لێ گرتبوو، بوو بە میوانى ترەمپ و پێکەوە بڕیارەکەیان تاوتێکرد.

لە دواى کۆبوونەوەکەش سیناتۆرەکە دەرکەوت و ڕایگەیاند، پلانی کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا سێ قۆناغ لەخۆدەگرێت کە بریتین لەم پرسانە:

یەکەم: لەناوبردنى داعش بە تەواوەتی و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەى.

دووەم: ڕێگریکردن لە بەهێزبوونى ئێران لە سوریا و، ڕێگەنەدان بە تاران جێگاى ئەمریکییەکان لە خۆرهەڵاتى فوڕات بگرێتەوە.

سێیەم: پاراستنى هاوپەیمانەکانمان، کە کوردن.

ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستى ئەمریکا و خاوکردنەوەى کشانەوەى هێزی ئەمریکی لە سوریا، هەر زوو لەسەر مەیدانى سوریا ڕەنگیدایەوە.

بە شێوەیەک کۆکردنەوەى ئەو هەموو هێزە لە دەوروبەری منبج لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لەلایەن تورکیا و ئۆپۆزسیۆن و حکومەتى سوریاوە بۆ دابەشکردنى ناوچەکانى ژێردەستى ئەمریکا کەمبووەوە و، هەندێک لەو هێزانە لە منبج دوورکەوتنەوە.

ڕوانگەى سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ ڕایگەیاند، لە ئێستادا دۆخی منبج تا ڕادەیەک ئارامبووەتەوە و، بەشێک لە چەکدارانى گروپەکانى ئۆپۆزسیۆن گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان لە باب و ئەغزاز، تورکیاش ئەو ئامادەباشییەی کە بۆ هێرشکردنە سەر منبج کردبووی، ڕایگرت.

حکومەتى سوریاش بەشێک لە هێزەکانى خۆی لە باکوری منبج بۆ ڕۆژئاواى شارەکە کشاندەوە و هێزی هاوپەیمانان و ئەمریکاش بەردەوامن لە چالاکییەکانى چاودێریکردن لە دەوروبەری منبج.

ئ.ر