سەردێڕ:

هەرێم.. گرفتى کۆچى پزیشکان و کارمەندانى تەندروستی بۆ دەرەوە

زیاتر لە پێنج هەزار پزیشک و فەرمانبەر و پەرستاری وەزارەتی تەندروستی وازیان لە کارەکەیان هێناوە
فۆتۆ: 
2018-12-31

6788 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی خراپی ڕەوشی دارایی و شەڕی داعشەوە لە ماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە هەزار پزیشک لە نەخۆشخانەکانی هەرێم وازیانهێناوە و چوونەتە دەرەوەی وڵات.

ڕۆیشتنی ئەو هەزار پزیشکە لە نەخۆشخانەکانی هەرێم کاریگەریی کردووەتە سەر چارەسەری نەخۆشەکان، بەتایبەتی لە قەزا و ناحیەکاندا.

خالس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ئەم چوار ساڵەی ڕابردوو زیاتر لە پێنج هەزار پزیشک و فەرمانبەر و پەرستاری وەزارەتی تەندروستی وازیان لە کارەکەیان هێناوە، هۆکارە سەرەکییەکەشی ئەو قەیرانە داراییەیە کە بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشەکانی پزیشکی لە زانکۆکان کەمترین خوێندکاریان وەرگرتووە بەتایبەتی ئەو بەشانەی نەشتەرگەری تێدایە و، زۆربەی ئەوانەشی دەچنە کۆلێژە پزیشکییەکان دەبنە پزیشکی جوانکاری.

ئامانج وەفایی بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەندیکای پزیشکانی لقی هەولێردەڵێت، ژمارەکە زۆر زیاترە لە هەزار پزیشک و لە چوار ساڵی داهاتوودا هەرێم بەدەست قەیرانی بێ پزیشکییەوە دەناڵێنێت ئەگەر چارەسەری خێرا نەدۆزرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم لە ئێستادا خاوەنی زیاتر لە ٢١ هەزار فەرمانبەر و پزیشک و کارمەندی تەندروستییە و، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٧ هەزار و ٥٠٠ کەسیان پزیشکن و دابەشبوون بەسەر ٧٦ نەخۆشخانە و نزیکەی  هەزار بنکەی تەندروستی لە هەرێم.

ئ.ر