سەردێڕ:

وردەکاریی بێتاوانبوونى پیاوێک کە زیاتر لە ساڵێک لە زینداندا بووە

دواى ساڵ و نیوێک لە زیندان بێتاوانى سەلمێنرا
فۆتۆ: 
2018-12-31

8012 جار خوێندراوەتەوە

هاوڵاتییەک کە ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گواستنەوەی گەرمیان بێ تاوانی سەلمێندراوە باسی ساڵ و نیوێک زیندانیکردنی خۆی دەکات و دەڵێت، "له‌ زینداندا ڕیشم سپی بوو."

چیرۆكی دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتییە، بەمشێوازە دەستپێدەکات، کە شه‌وی ١٨ی نیسانی ساڵی ٢٠١٧ له‌ بنكه‌ی پۆلیسی كه‌لاره‌وه‌ داوای لێ دەکرێت، وه‌ك شایەت سه‌ردانیان بكات، به‌ڵام له‌وێ به ‌تۆمه‌تی ده‌ستدرێژیی سێكسی بۆ سه‌ر مێردمنداڵێك لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، بە وتەی خۆی لەکاتی لێکۆڵینەوەدا پۆلیس قسەی ناشیرینی پێ وتووە، بەڵام خۆی داوایکردووە بۆ سەلماندنی بێتاوانییەکەی پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت.

ئه‌و كه‌ به‌هۆی جۆری تۆمه‌ته‌كه‌یەوه‌ پێی باش نه‌بوو ناوی بڵاوبكرێته‌وه ‌و ڕووخساری دەربکەوێت ده‌ڵێت، پاش پێنج ڕۆژ له‌ ڕاگرتنی له‌ ژوورێكی تاكه‌كەسیدا، براوه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌ر و له‌گه‌ڵ سكاڵاكار ڕووبه‌ڕووكراوه‌ته‌وه‌، بەڵام ئەو کەسەی سکاڵای کردووە نکۆڵی لەو تۆمەتانە کردووە کە داویەتییە پاڵی و وتوویەتی، پۆلیس ناچاریانكردووه‌ ئه‌و قسانه‌ بكات و سكاڵا له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه‌ تۆماربكات.

 ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، دوای دوو هه‌فته لە دەستگیرکردنی و دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکانى دەرکەوتووە، ئەو کەسەی سکاڵای کردووە هیچ جۆرە دەستدرێژییەک نەکراوەتە سەری، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم هاوڵاتییە کە تۆمەتباربووە ئازاد نەکراوە و، بەپێی مادەی ٣٩٣ لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی لێکۆڵینەوەى بۆ کراوەتەوە.

ئەو هاوڵاتییە کە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک لەلای پۆلیس دەستبەسەربووە و ماوەتەوە، دواتر پەنای بۆ نوسینگه‌ی مافی مرۆڤ له‌ گه‌رمیان بردووه‌، خه‌بات ڕه‌شید به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی گه‌رمیانی مافی مرۆڤیش دەڵێت، ئه‌وان به‌هۆی سستی له‌ به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی دادگاكان بۆ ئه‌و كه‌یسانه‌ تووشی گرفت بوون و، چه‌ندین كه‌س به‌ بێتاوان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ گرتووخانه‌كاندا ڕاده‌گیرێن، ئه‌و هاوڵاتییەش به‌ زوڵملێكراو ناوده‌بات و ده‌ڵێت، پێویستە قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه.

ئەو هاوڵاتییە کە پێشتر تۆمەتباربووە، بەهۆی تۆمەتەکە و دەستگیرکردنییەوە لە پێشمەرگایەتی دورخراوەتەوە و دەڵێت، لە ماوەی ڕاگرتنیدا لە زیندان ئۆتۆمبێلەکەی بۆ پێداویستی ژیانی خێزانەکەی فرۆشتووە و داوادەکات لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە، قەرەبوو بکرێتەوە.

ئ.ر