سەردێڕ:

فڕۆکەکانی عێراق کۆبوونەوەی داعشیان لە سوریا کردە ئامانج و دەیان سەرکردەی داعش کوژران

یەکێک لە فڕۆکە ئێف ١٦ عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-31

3835 جار خوێندراوەتەوە

فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق کۆبوونەوەی سەرکردەکانی داعشیان لە ناوخۆی سوریا لە نزیک سنوری عێراق کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ٣٠ سەرکردەی ئەو ڕێکخراوە کوژراون.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ دووشەممە (٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) بڵاویکردەوە، پشتبەست بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، شانەی هەڵۆکانی هەواڵگری لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف ١٦وە ئەمڕۆ هێرشێکی "کاریگەریان" کردووەتە سەر حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش لە ناوچەی سوسەی سوریا.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئامانجە بۆمبارانکراوەکە پێکهاتووە لە خانوویەکی دوو نهۆمی کە بە تەواوی خاپور بووە، کە چەکدارانی داعش وەک حەشارگەی کۆبوونەوەکانیان بەکاریانهێناوە و بەهۆیەوە ٣٠ سەرکردەی داعش کوژراون، کاتێک لەو شوێنەدا لە کۆبوونەوەدا بوون.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو هێرشە بۆ سەر حەشارگەی تیرۆریستان، بە ئامانجی وشککردنی سەرچاوەکانی تیرۆر بووە.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا چەندین جار فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش لە ناوخۆی سوریا و، حکومەتی عێراق هەمیشە ڕایگەیاندووە، هێرشەکان بە هەماهەنگی دەزگا هەواڵگرییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراون.

ع.م