سەردێڕ:

ژمارەیەک لە مەسیحییەکانی عێراق سکاڵایان لەسەر موفتی سوننەکان تۆمارکرد

مەسیحییەکانی عێراق لە کاتی سروتی ئایینی تایبەت بە خۆیان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-31

1882 جار خوێندراوەتەوە

نزیکەی ٦٣ خێزانی مەسیحی لە عێراق سکاڵایەکی یاساییان لە دژی مەهدی سومەیدەعی موفتی سوننەکان تۆمارکردووە، بەهۆی ئەو فتوایەی کە دابووی سەبارەت بەوەی حەرامە بە بۆنەی سەری ساڵی زاینییەوە موسڵمان ئاهەنگ بکات یان بەشداری بکات.

ئەو خێزانانە لە بەڵگەنامەیەکی ئیمزاکراودا سکاڵاکەیان بۆ بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە لە بەغدا بەرزکردووەتەوە.

ئەو خێزانە مەسیحییانە لێدوانەکەی مەهدی سومەیدەعییان بە دروستکردنی کەلێن لە نێوان یەکێتی گەلی عێراق و ئاشتی کۆمەڵایەتی ناوبردووە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، "ئەگەر هەر خێزانێکی مەسیحی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ڕووبەڕووی هەڕەشە و کۆچپێکردنی بەزۆر ببنەوە، ئەوا ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی سومەیدەعییە.

ڕوونیشیانکردووەتەوە، ئەوەی کە پێشتر زانراوە پیاوانی ئایینی لە هەر ئاینێک بووبن، بەردەوام داوای برایەتی و لێبوردەیی و خۆشەویستییان کردووە، نەک جیاوازی و فیتنە نانەوە."

لە کۆتاییشدا ئەو خێزانە مەسیحییانە لە داواکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، هەر کەس و لایەنێک پشتیوانی لە گوتاری لەو شێوەیە بکات، کەسایەتییەکی ناتەواوە، زۆر جێگەی داخیشە کە ناوبەناو ڕێگە بە لێدوان و گوتاری لەو جۆرە دەدرێت.

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە سومەیدەعی ڕۆژی هەینی ڕابردوو فتوایەکی دەرکرد و تیایدا ڕایگەیاند، "ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنەکانی ئاینزای مەسیحییەوە بەگوێرەی شەرع دروستنییە".

لە فتواکەیدا سومەیدەعی حەرامکردنەکەی گێڕاوەتەوە بۆ فتوای زانا گەورەکانی وەک ئیبن قەیم کە پێیوایە بەشداریکردن لە جەژنەکانیاندا، "هاوبەشی پەیداکردنە بۆ خوا".

ع.م