سەردێڕ:

دەرکەوت هاوسەری وەزیرە دەستلەکارکێشاوەکەی عێراق داعشە

شەیما ئەلحەیالى وەزیرى پەروەردەى نوێی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-31

28228 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ ئاشکرابوو برایەکی شەیما ئەلحەیالى وەزیرى پەروەردەى نوێی عێراق سەرکردەیەکی ڕێکخراوى داعش بووە، ئەمڕۆ لە نوێترین پێشهاتدا دەرکەوت هاوسەرەکەشی لە ڕیزی ئەو ڕێکخراوەدا بووە.

هەرچەندە هەر دوێنێ پاش ئاشکراکردنى ئەم دۆسیەیەش لە ڕێگەى تۆڕەکانى سۆشیاڵ میدیا و گروپ چاتە سیاسییەکانى واتسئاپەوە، دکتۆرە شەیما ئەلحەیالى کە خەڵکى موسڵە، بەپەلە وازنامەى خۆى خستە بەردەست سەرۆک وەزیران و جەختیکردەوە براکەى لەژێر گوشار بووەتە بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ئاوى موسڵ لە سەردەمى حوکمڕانیی داعشدا، بەڵام ئەمڕۆ ئەوەش ئاشکرا بووە کە هاوسەرەکەشی چەکداری داعش بووە.

ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری پێشووی نەینەوا و سەرکردە لە لیستی بڕیار، ئاماژە بەوە دەکات، ڕاستە مێردەکەی شەیما ئەلحەیالى وەزیرى پەروەردەى نوێی عێراق چەکداری داعش بووە، بەڵام "تۆبەی" کردووە و پێش ئەوەی داعش لە موسڵ دەربکرێت چەکەکەی ڕادەست کردووەتەوە.

ئەوەشی ڕاگەیاند، پێشتر ناوبراو پاسەوانی ئوسامە نوجێفی بووە لە ساڵی ٢٠١٤دا کاتێک سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بووە، بەڵام لەکاتی کۆنترۆڵکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، مێردی شەیما ئەلحەیالى بووەتە چەکداری داعش و دواتریش پێوتوون، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی بەڵام نوجێفی بە تۆمەتی کارکردنی لەگەڵ چەکدارانی داعش ڕەتیکردووەتەوە ببێتەوە بە پاسەوان.

بەشێک لە سەرکردەکانی لیستی بڕیار ئۆباڵی ئەو دۆسیەیە دەخەنە ئەستۆی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، کە لە نێوان چەندین کاندید بۆ وەزیری پەروەردە، شەیما ئەلحەیالى کاندیدی سەرکردەى سوننەکان خەمیس خەنجەری هەڵبژاردووە.

شەیما حەیالى دوو هەفتەیە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەنگی لەسەر دراوە و ناوبراو تاقە وەزیر نییە لەم کابینە نوێیەدا کە کێشەى لەسەربێت، پێشتریش هەندێ لە وەزیرەکان تۆمەتبارکران بە گەندەڵى و هەبوونى دۆسیەى ئەمنى و بەعسى بوون، بەم هۆیەشەوە لەناو پەرلەماندا هەڵمەتێک بۆ لەسەرکار لابردن یان پرساندنیان بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆى پشووەکانى سەرى ساڵەوە سەرجەم ئەو هەوڵانە ڕاگیران.

هــ.حــ