سەردێڕ:

وردەکاری دەستلەکارێشانەوەی وەزیرى پەروەردەى عێراق

فۆتۆ: 
2018-12-30

6860 جار خوێندراوەتەوە

 دەرکەوت وەزیرى پەروەردەى عێراق کە چەند رۆژێکى کەمە متمانەى وەرگرتووە، خوشکى یەکێک لەسەرکردەکانى رێکخراوى داعشە.

پاش ئاشکراکردنى ئەم دۆسیەش لەرێگەى تۆڕەکانى سۆشیاڵ میدیا و گروپ چاتە سیاسییەکانى واتساپەوە، دکتۆرە شەیما ئەلحەیالى کە خەڵکى موسڵە بەپەلە وازنامەى خۆى خستە بەردەست سەرۆک وەزیران و جەختى کردەوە براکەى لەژێر گوشارو بووەتە بەرێوەبەرى فەرمانگەى ئاوى موسڵ لەسەردەمى حوکمڕانى داعش.

کاردانەوەکان لەبارەى باکگراوەندى ئەم وەزیرە توندو جۆراوجۆرن، هەندێک لەوانە کە لە بەرپرسانى ڕیزى دووەمى پڕۆسەى سیاسییەوە دەرچوون، ئۆباڵى ئەم حاڵەتە دەخەنە ئەستۆى سەرکردەى سوننە خەمیس خەنجەر کە وەزیرى وەهاى کاندیدکردووە لەپشکى حیزبەکەى لەکاتێکدا لەناو سوننەکاندا چەندەها کەسایەتى و قوربانى دەستى داعش هەن و لەپێشترن.

 هەندێکی تر توڕەیی خۆیان ئاڕاستەى دامودەزگا ئەمنییەکان و فلتەرەکانى کاندیدکردنى پۆستە ئەمنییەکان دەکەن کە ئەم زانیارییەیان بەسەدرا تێپەڕیوە، تا ئەوکاتەى شەیما حەیالى لەرێگەى دەنگدانەوە بەیاسایی و بەشێوەیەکى فەڕمى بووەتە وەزیر.

لەو ڕەخنانەشى کە لەمبارەیەوە گیراون پشکێکی بەر عادل عەبدولمەهدى کەوتووە بەو پێیەى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و خاوەن ئیمزاى کۆتاییە لەکاندیدکردنى خوشکى یەکێک لەسەرکردەکانى داعش بۆ کابینە وەزارییەکەى.

زۆربەى چالاکانى سیاسى باس لەوە دەکەن،  ئەوەى لەوەزارەتى پەروەردە ڕوویدا، قەیرانى قوڵى سیاسى و ئەمنى ئاشکرا دەکات، بەو پێیەى متمانە وەرگرتنى حەیالى بەرەنجامى سیاسەتى بەش بەشێنە و رێککەوتنى ژێر بەژێرە لەنێوان سەرکردە سیاسییەکان و دواتر تێپەڕاندنى لە پەڕلەمان بەبێ ڕەچاوکردنى ئەو پێوەرانەى کە بۆ وەرگرتنى پۆستى سیادى یان پڕکردنەوەى وەزارەتێکى هەستیارى وەک پەروەردە پێویستن، لەکاتێکدا ئەم وەزارەتە سەروکاریی پەروەردەکردن و پێگەیاندنى ملیۆنەها خوێندکار و نەوەى ئایندە دەکات.

شەیما حەیالى تاقە وەزیر نییە لەم کابینە نوێیە کە کێشەى لەسەر بێت، پێشتریش هەندێ لەوەزیرەکان تۆمەتبارکران بە گەندەڵى و هەبوونى دۆسیەى ئەمنى و بەعسى بوون، بەم هۆیەشەوە لەناو پەڕلەمان هەڵمەتێک بۆ لەسەرکار لابردن یان پرساندیان بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆى پشووەکانى سەرى ساڵەوە سەرجەم ئەو هەوڵانە ڕاگیران.

لەو تۆمەتانەشى دەربارەى وەزیرەکان هەن دەستەى دەستپاکى هەبوونى دۆسیەى یاسایی و سەرپێچى گەندەڵیی لەسەر سێ لەوەزیرەکان پشتڕاستکردۆتەوەو یەکێکیتر لەوەزیرەکان کە هى وەرزش و لاوانە تۆمەتبارە بە باکگراوەندى توندڕەوى.

لەعێراق بیروڕاى جیاجیا هەیە لەبارەى مامەڵەکردن لەگەڵ کەسوکارى داعش یان ئەوانەى سەردەمێک لەسەردەمەکان لەگروپە توندڕەوەکان تێوەگلاون، هەندێک گێڕانەوەیان بۆ ژیانى سیاسیی بەئاسایی و پێویست دەزانن، هەندێکیتر داواى دوورخستنەوەو ڕیشەکێشکردنیان دەکەن و لەم مشتومڕە قورسەشدا کەیسى وەزیرى پەروەردە لەم دوو رۆژەدا ئامادەییەکى بەهێزى هەیە.

هــ.حــ