سەردێڕ:

حکومەتی عێراق گۆرانکاری لە خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ دەکات

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-30

8129 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە لەسەر هەموارکردنەوەی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ .

نوسینگەی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە (٣٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨) بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران دەنگیداوە لەسەر هەموارکردنەوەی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ و هەروەها دووبارە  خستنەڕووی ڕاگرتنی بریارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆک وەزیرانی پێشو لە ماوەی ١/٧تا ٢٤/٧ی ٢٠١٨ خرایەوە ڕوو.

بڕیاریشدا درا وەزارەتەکان لە ماوەی ٧ ڕۆژدا کارەکانی خۆیان لەوبارەیەوە ئەنجام بدەن.

لە لایەکی دیکەوە عادل عەبدولمەهدی لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەنووسی هەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند، سەروەری عێراق پەیوەندی نییە بە بوونی هێزی بیانییەوە لەسەر خاکەکەی، جەختیشی کردەوە هیچ بنکەیەکی تەواو ئەمریکی لە عێراقدا بوونی نییە.

دەربارەی سەردانەکەی ئەم دوایەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش بۆ عێراق عەبدولمەهدی ڕایگەیاند،لایەنی ئەمریکی ئاگاداری حکومەتی عێراقی کردووەتەوە سەبارەت بە سەردانەکەی ترەمپ، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت پێی ڕاگەیاندوون دەبێت سەردانەکەی فەرمی و بە گوێرەی خشتەیەکی دیاریکراو بێت.