سەردێڕ:

ڕەغد کچی سەدام نامەیەکی چوار ڕۆژ پێش لە سێدارەدانی باوکی بڵاوکردەوە

سەدام حسین لە ٣٠ کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٦ لە سێدارە درا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-30

160099 جار خوێندراوەتەوە

ڕەغدی کچی سەدام حسینی سەرۆکی ڕژێمی پێشوی عێراق تویتێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە باوکی ٤ ڕۆژ بەر لە سێدارەدانی چی وتووە.

بە گوێرەی ئەو تویتە ڕەغد ڕایگەیاندووە، باوکی لە ڕۆژی ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٦دا وتوویەتی "ئەی گەلی عێراقی بە وەفا، خوا حافیزیتان لێدەکەم بۆ لای خوایەک کە سپاردە زایە ناکات و بە هیچ شێوەیەک موسڵمانی ڕاستگۆ بێهیوا ناکات، لە کۆتایشیدا ووتویەتی ئەڵاهوئەکبەر".

لە کۆتایی نامەکەشدا سەدام نوسیویەتی "سەدام حسین سەرۆک کۆمار و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارە تێکۆشەرەکان، بەغدا ٢٦/١٢/٢٠٠٦".

بڵاوکردنەوەی ئەو تویتە ی رەعدی کچی سەدام حسین هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی لە سێدارەدانی سەدام حسین لە ڕۆژی ٣٠ی کانونی یەکەمی ٢٠٠٦.

لە مانگی ئازاری ٢٠٠٣ هێزەکانی ئەمریکا هاتنە عێراقەوە لەژێر ناوی پرۆسەی ئازادکردنی عێراق، لە ١٣ کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا سەدام حسین دەستگیر کرا.

 لە ساڵی ٢٠٠٤بۆ یەکەمجار سەدام حسین تۆمەتی داگیرکردنی کوەیت و بۆمبارانکردنی هەڵەبجەی بە چەکی کیمیایی درایە پاڵ، بەڵام رەتیکردەوە دان بە داگاکەدا بنێت بەو پێیەی لە ژێر سایەی داگیرکەردا پێکهێنراوە.

دادگا لە یەکەم دۆسیەی تاواندا کە تایبەت بوو بە کوشتارەیەکی ناحیەی دوجێل و لە ٢٣ی تەموزی ساڵی ٢٠٠٦ سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند و لە ڕۆژی ٣٠ کانونی یەکەمی هەمان ساڵدا کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان سەدان حسین لە سێدارە درا.

ع.م