سەردێڕ:

عێراق ڕوونکردنەوەی بڵاوکردەوە لەسەر هەواڵی پێدانی ڕەگەزنامە بە مەرجەعێکی شیعەی بەحرەین

دیداری نێوان عیا قاسم و عەلی سیستانی لە نەجەف
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2018-12-30

5416 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی ڕەگەزنامە و پاسپۆرت و مانەوەی عێراق ڕەتکردەوە، کارتی نشتیمانی بەخشرابێتە عیسا قاسم کەسایەتی و مەرجەعی ئایینی شیعەکانی وڵاتی بەحرەین.

هەیسەم غەرباوی بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامە و پاسپۆرتی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە (٣٠ کانونی یەکەمی ٢٠١٨) لە بەیاننامەیەکدا ڕەتکردەوە کارتی نشیتمانی درابێتە عیسا قاسم کەسایەتی ئایینی شیعەکانی بەحرەین، کە بە م دواییانە هاتووەتە عێراق، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی مەنامە رەگەزنامەی وڵاتەکەیان لێسەندووەتەوە.

غەرباوی وتی "دوای وردبینیکردن لە سیستمی زانیارییە مەدەنییەکان، دەرکەوت ئەو ژمارەیەی کارتی نشتیمانی بوونی نییە، کە گوایە کارتی نشتیمانی ئەو کەسایەتییە بەحرەینییە بێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی چەند ماڵپەڕێکی کۆمەڵایەتی بڵاویانکردووەتەوە گوایە کارتی نشتیمانی ناوبراوە، دوورە لە ڕاستییەوە بە بەرنامەی فۆتۆشۆپ دروستکراوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا غەرباوی وتی "بە هیچ شێوەیەک کارتی نشتیمانی بە کەس نابەخشرێت تەنها لە ڕێگەی لایەنە مۆڵەتپێدراوەکانەوە نەبێت، چونکە کارتەکە ناسینەوەی ئەمنی و هونەری و تەکنیکی زۆر بەرزی هەیە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت ساختە یان کۆپی بکرێت وەک نموونەی بنەڕەتییەکە".

ئەو لێدوانانەی بەڕێوەبەری گشتی رەگەزنامەی و پاسپۆرت و مانەوەی عێراق دوای ئەوە دێت، چەند ماڵپەڕ و پێگە و ئەلکترۆنی وێنەی رەگەزنامە و کارتی نشتیمانیان بە ناوی عیسا قاسم کەسایەتی شیعەکانی بەحرەینەوە بڵاوکردەوە، کە گوایە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ڕەگەزنامەی پێدراوە.

عیسا قاسم ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ بە سەردانێک گەیشتە شاری نەجەف، وەک یەکەم سەردانی بۆ ئەو شارە  دوای نزیکەی ٥٠ ساڵ.

عیسا قاسم لە سەردانەکەیدا لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆبووەوە.

ع.م