سەردێڕ:

كێشەی كەمی سوتەمەنیی كەمپی ئاوارەكانیشی گرتووه‌تەوە

كێشەی كەمی سوتەمەنیی كەمپی ئاوارەكانیشی گرتووه‌تەوە
فۆتۆ: 
2018-12-30

537 جار خوێندراوەتەوە

كه‌مپی‌ ئاشتی‌ له‌ ناحیه‌ی‌ عه‌ربه‌تی سنووری پارێزگای سلێمانی  سێ‌ ساڵ پێش ئێستا، بەهۆی شەڕی داعش‌ و خراپی بارودۆخی ئەمنیه‌وه‌، بە هه‌زاران هاوڵاتی لە پارێزگاكانی تری عێراق ‌و ناوچه‌كانی‌ رۆژئاوای كوردستانەوە، هاتنە هەرێمی کوردستان و بەشێكیان لەم کەمپەدا نیشتەجێكراون.

بەشێک لە ئاواره‌كان ئاماژە بەوە دەکەن، ئه‌و خێمانه‌ی‌ کە ئەوان تێیدا دەژین بۆ وەرزی زستان گونجاو نین، هاوكات داوای‌ پێدانی‌ سوته‌مه‌نی ‌‌و ئامێری‌ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن.

به‌شێكی‌ زۆری ئاواره‌كان دەڵێن، تائێستا ناوچه‌كانیان هه‌ڕه‌شه ‌و مه‌ترسی‌ له‌سه‌ره، به‌شێكی‌ دیكه‌شیان ناگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌ ئازادكراوه‌كانیان به‌هۆی‌ ماڵ و خانوه‌كانیان ڕووخاوه‌ و توانای‌ ئه‌وه‌یان نییه‌ خۆیان دروستیبكه‌نه‌وه.‌

كه‌مپی‌ ئاشتی‌ له‌ئێستادا ١١ هه‌زار و ٥٠٠ كه‌سی‌ تێدایە کە زۆربه‌یان خه‌ڵكی‌ موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین شه‌نگالن، به‌رپرسانی‌ حكومی‌ ناوچه‌ش دەڵێن، له ‌رێگه‌ی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ و وه‌زاره‌تی‌ كۆچ و كۆچبه‌ران و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه، لە هەوڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانیان و دابینكردنی‌ پێویستیه‌كانیانن.

به‌وته‌ی دابان محه‌مه‌د، به‌رێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ عه‌ربه‌ت له‌ ئێستادا كه‌ وه‌رزی زستانه‌ ئه‌و كه‌مپانه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ ناوخۆیی و بیانییه‌كانه‌وه‌ سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانیان بۆدابینكراوه‌.

تائێستا كاتی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئەو ئاوارانەی کەمپی ئاشتی‌ دیارنییه‌ بۆ زێدی‌ خۆیان و چاره‌نوسیان نادیاره، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵیشە ژیانێکی سەخت لە سەرمای زستان و گەرمای هاویندا بەڕێدەکەن.