سەردێڕ:

پێنتاگۆن پێشنیازیکرد چەکەکانی لە یەپەگە وەرنەگرێتەوە

پێنتاگۆن پێشنیازیکرد چەکەکانی لە یەپەگە وەرنەگرێتەوە
فۆتۆ: میدیا جیهانییەکان
2018-12-29

3499 جار خوێندراوەتەوە

ئەو چەکانەی ئەمریکا کە بەدەست هێزەکانی یەپەگەوەیە، لە پێنتاگۆن گفتوگۆ دەکرێت لەبارەی چارەنوسیانەوە، تورکیاش داوادەکات چەکەکان وەربگیرێنەوە لەو هێزانە، ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکاش ئەو کارە بە مەحاڵ ناودەبەن.

لەکاتێکدا هەردوو سوپای سوریا و تورکیا و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئامادەباشیدان تا بچنە شارۆچکەی منبجەوە، بەڵام سوپای ئەمریکا کە هێشتا شارەکەی بەجێنەهێشتووە، پێشنیازی کردووە ئەو چەکانەی کە داویانە بە شەڕڤانانی یەپەگە تا لە دژی چەکدارانی داعش بەکاریبهێنن، لێیان نەسەننەوە.

چەکەکانیش جگە لە چەکی سوک، موشەکی دژە تانک و مۆرتەر و ئوتۆمبێلی سەربازیی و چەند جۆرێکی تری لەخۆگرتووە، کە مانگی ئایاری ٢٠١٧ ئەمریکا ڕادەستی شەڕڤانانی یەپەگەی کرد، تا لە هێرشکردنی سەر شاری ڕەقەی پایتەختی خەلافەتەکەی داعش و لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوە بەکاریبهێنن.

هەرچەندە، ئەو کات توڕەیی و ناڕەزایی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرەی لێکەوتەوە و واشنتۆنی تۆمەتبارکرد کە پشتگیری لە کوردەکان دەکات، تا دەسەڵاتیان لە ناوچەکە بەهێز و بەرفراوان بکەن، هەر بۆیە حکومەتی واشنتۆن ئەنقەرەی دڵنیاکردەوە کە دوای لەناوبردنی داعش ئەو چەکانە وەردەگیرێنەوە.

ئەو پرسەش هێشتا پێشنیازە و گفتوگۆکردن لەبارەیەوە لەناو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە قۆناغى سەرەتاییدایە و دواى تەواوبوونى گفتوگۆکانیش پلانەکە دەبرێتە کۆشکى سپى، تا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیارى کۆتایی لەسەر بدات.

وتەبێژى یەپەگە ڕایگەیاند، ئەمریکا بەردەوامە لە هاوکاریکردنى هێزەکانیان و تا ئێستا داواى ڕادەستکردنەوەى چەکەکانى لێ نەکردوون.

هاوکات نوری مەحمود وتەبێژى یەپەگە بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، سەرەڕاى بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا، تا ئێستا هاوکارییە سەربازییەکانى ئەمریکا بۆ هێزەکانیان بەردەوامە و هیچ شتێک لەبارەى ڕادەستکردنى چەکەکان بەوان نەگەیشتووە.

لەبارەی بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ سوریادا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بابەتە پەیوەندیی بە بڕیاری سیاسی ئەنجومەنى سوریاى دیموکراتەوە هەیە و جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوان پشت بە خۆیان دەبەستن نەک هێزە بیانییەکان و هەر دۆستایەتى و هاوپەیمانێتییەکیش لە بەرژەوەندى گەلانى سوریادا بێت ئەوان ئامادەن واژۆى بکەن.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، پرسی چەکەکانی ئەمریکا لەلای هێزەکانی یەپەگەیە، لەکاتی سەردانێکی جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ تورکیا و ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا یەکلایی دەکرێتەوە.

ئەگەرچی تۆماری ئەو چەکانە و چۆنییەتی بەکارهێنانیان لە پێنتاگۆن پارێزراوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە نیمچە مەحاڵە هەموو ئەو شوێنانە دیاریبکرێن کە چەکەکانی تیادان، پرسیاری ئەوەش دەکەن، چەکەکان چۆن و کێ کۆیاندەکاتەوە؟

ئەو کاتەی پێشنیازەکە ببێتە بڕیار، دڵنیاییەک دەبێت بۆ کوردەکان بەوەی بە تەواوی ئەمریکا دەستبەرداریان نابێت، کە ئەوەش پلانەکانی ترەمپ بە ڕێگەدان بە تورکیا تا دژی داعش لەناو خاکی سوریا بجەنگێت ئاڵۆز دەکات، بەوپێیەی ئەو ناوچانەی کە داعش لە سوریا لەژێر دەستی ماوە نزیکەی ٢٥٠ کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە دوورە و دەبێت سەرەتا شەڕی شەڕڤانانی یەپەگە بکات، یان دەبێت بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا تێپەڕبێت، کە ئەوەش کارێکی ئەستەمە.

ئ.ر