سەردێڕ:

سیستانی حوکمی شەرعیی بۆ پیرۆزباییکردن لە مەسیحییەکان بەبۆنەی سەری ساڵەوە دیاریکرد

عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-29

9255 جار خوێندراوەتەوە

عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق ئەمڕۆ شەممە (٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) حوکمی شەرعیی دەربارەی پیرۆزباییکردن لە مەسیحی و جولەکەکان  دیاریکرد بەبۆنەی جەژنەکانیانەوە.

لە وەڵامی پرسیاری یەکێک لە شوێنکەوتووانیدا کە پرسیاری ئەوەی کردبوو، "ئایا دروستە پیرۆزبایی و خۆشەویستی بۆ شوێنکەوتووانی مەسیحی و جولەکە دەرببڕیت، بەتایبەت کاتێک ئەو کەسە هاوبەشی کار یان شتێکی لەو شێوەیە بێت؟" وتوویەتی، "ئەگەر ئەو کەسە دژایەتیکردنی خۆی بۆ ئیسلام بە قسە و کردار دەرنەبڕێت، ئەوا کێشەی تێدا نییە کە خۆشەویستی و پیرۆزبایی لێ بکەیت و چاکەی لەگەڵدا بکەیت."

هەروەها بەگوێرەی پێگەی فەرمیی مەرجەعییەتی ئایینی، سیستانی فتوای داوە بەوەی کە "دروستە پیرۆزبایی بکەین لە خاوەن پەیامە ئاسمانییەکانی جولەکە و مەسیحی و ئەوانی تر، بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵ و لەدایکبوونی مەسیح و جەژنی فسح."

ئەو فتوایەی سیستانی لەکاتێکدایە، پێشتر مەهدی سومەدەعی کەسایەتی دیاری سوننەکان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنەکانی ئایینی مەسیحی بەگوێرەی شەرع "دروستنییە".

بەم دواییانەش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکی بەبۆنەی لەدایکبوونی حەزرەتی عیساوە کردە پشووی فەرمی لە سەرانسەری وڵاتدا.

ئەوەش یەکەمجارە حکومەتی عێراق پشووی لەو جۆرە ڕابگەیەنێت، کە هەموو هاوڵاتییان بگرێتەوە، دوای ئەوەی پێشتر تەنها تایبەتکرابوو بە هاوڵاتییانی مەسیحی، بەڵام بە پێچەوانەوە لە هەرێمی کوردستان چەند ساڵێکە ڕۆژی ٢٥ی کانوونی یەکەم کراوەت پشووی فەرمی.

ع.م