سەردێڕ:

داوادەکرێت ئەنگێلا مێرکل دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت

داوادەکرێت دەستلەکاربکێشێتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-29

2283 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ ئەوەی بڕیارە ئەنگێلا مێرکل لە ساڵی ٢٠٢١ وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانیا خۆی ھەڵنەبژێرێتەوە، بەشێک لە لایەنەکانی ئەو وڵاتە  داوادەکەن پێش ئەو وادەیە واز لە پۆستەکەی بهێنێ.

لە سەرژمێرییەکی نوێدا کە لەلایەن حیزب و لایەنەکانی ناو پەرلەمانی ئەڵمانیاوە ئەنجامدراوە ‏٣٨% پێیان باش بووە ئەنگێلا مێرکل وەک ڕاوێژکار تا ساڵی ٢٠٢١ لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، ‏٤٧% دژی ئەوە بوون کە مێرکل وەک ڕاوێژکار تا ئەو وادەیە بمێنێتەوە و نزیکەی ‏١٨% دەنگیان بە سەرژمێرییەکە نەداوە.

ئەنگێلا مێرکل پێشتر ڕایگەیاندبوو، تا ساڵی ٢٠٢١ وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەمێنێتەوە، پاشانیش دەستی لە سەرۆکایەتی پارتەکەی کێشایەوە و ئافرەتێکی تر بە ناوی کرامب کارینباور چووە جێگاکەی، بەڵام لە ئێستادا لایەنەکان داوادەکەن بەر لەو وادەیە دەستلەکاربکێشێتەوە.

مێرکل لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ و دوای شکستی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ویلایەتی هیسن ڕایگەیاند، لە ٢٠٢١دا دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت و چیتر خۆی بۆ هیچ پۆستێکی سیاسیی هەڵنابژێرێتەوە.

ئەنگێلا مێرکل لە ساڵی ١٩٥٤ لە شاری هامبۆرگ لەدایکبووە، نزیکەی ١٨ ساڵە سەرۆکی پارتی دیموکراتی مەسیحییە و لە ساڵی ٢٠٠٥یشەوە تاکو ئێستا ڕاوێژکاری ئەڵمانیایە.

ع.ا