سەردێڕ:

تورکیا و ڕوسیا لەسەر دۆخی سوریا گەیشتن بە ڕێککەوتن

دۆخی سوریا لە دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا
چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا
فۆتۆ: ئاڕ تی
2018-12-29

12891 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) دوای کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ڕوسیا و تورکیا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند" لەگەڵ ڕووسیا و ئێراندا بەردەوام دەبین لە هەماهەنگییەکانمان".

لە دوای کۆبوونەوەکە لە شاری مۆسکۆ و بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک بەردەوام بوو، مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی سێرگی لاڤرۆڤدا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

چاوشئۆغڵو ڕایگەیاند، دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر سوربوونی خۆمان دوپاتکردەوە و بۆ پاککردنەوەی خاکی سوریاش لە سەرجەم گروپە "تیرۆریستییەکان" ئیرادەی هاوبەشیان هەیە.

ڕاشیگەیاند، ئەوان لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی سوریا و یەکبوونی سیاسیی ئەو وڵاتەدان و دژی هەر هەوڵێکن پێچەوانەی ئەم یەکێتییە بێت.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیاش دەربارەی هەماهەنگی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا ڕایگەیاند، بۆ نەهێشتنی مەترسیی تیرۆر لە سوریا دەربارەی هاوکاری هێزەکانمان گەشتوون بە ڕێککەوتنی هاوبەش.

لەدوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بەرپرسانی ڕوسیا چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە، مۆسکۆ ئامادەیە نێوەندگری بکات لە پێناو گەڕانەوەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بۆ ئەو ناوچانەی وڵاتەکە کە پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە پارێزراوبوون.

ع.ا