سەردێڕ:

ئەنجلینا جولی دەچێتە ناو سیاسەتەوە

ئەنجلینا جولی ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-29

5125 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجلینا جولی ئەکتەری بەناوبانگی ئەمریکی و باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەگەر پێویست بکات لە داهاتوودا پۆستێکی سیاسی وەردەگرێت.

ئەنجلینا جولی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕادیۆی بی بی سی بەریتانی ڕایگەیاندووە، ٢٠ ساڵ پێش ئێستا کاتێک باسی چوونە ناو سیاسەتیان دەکرد ڕاستەوخۆ ڕەتی دەکردەوە بەڵام ئێستا بڕوای وایە ئەگەر پێویست بکات لە داهاتوودا پۆستێکی سیاسی وەردەگرێت.

 ئەجلینا جولی لە ئێستادا باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکانە کە کار دەکات بۆ پاراستنی ژینگە و مافی پەنابەران و ئەو کەسانەی لە کردەوە توندوتیژیەکاندا دەبنە قوربانی.

 لە بەشێکی تری چاوپێکەوتنەکەیدا باسی لەوەشکردووە، ئەو ناتوانێت بڕیاری ئەوە بدات کەسایەتییەکی گونجاوە بۆ وەرگرتنی پۆستێکی سیاسی بەڵام ئەگەر هەیە هەموو شتێکی ڕووبدات لە داهاتوودا لەگەڵ دەوڵەتدا کار بکات.

پێدەچێت جولی ئەگەر بێتە ناو کایەی سیاسەتەوە لەگەڵ حزبی دیموکراتەکان درێژە بە کاری خۆی بدات چونکە لە چاوپێکەوتنەکەدا لەگەڵ بی بی سی  پێشکەشکاری بەرنامەکە بە ئەنجلینا جولی دەڵێت، لە ئێستادا ٣٠ بۆ ٤٠ کەس کاندیدن بۆهەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا تۆ یەکێکیت لەو کەسانە جولی لە وەڵامدا وتی" سوپاس"

ئەنجلینا جولی یەکێکە لە دیارترین ئەکتەرەکانی سینەمای ئەمریکا، هەڵگری خەڵاتی ئۆسکارە، وەکو باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی دەیان وڵاتی کارەساتباری جیهانی کردووە و ملیۆنەها دۆلاری بۆ پرۆژە خێرخوازییەکان خەرجکردووە، بە وتەی خۆی، سێیەکی داهاتەکەی بۆ کاری خێرخوازی تەرخانکردووە.

جولی لە ئێستادا پرۆژەی هۆشیاری منداڵانی لە ئەستۆ گرتووە کە کاردەکات بۆ پێگەیاندن و فێربوونی ئەو منداڵانە کە بەهۆی کردەوە توندوتیژیەکانی جیهانەوە لە کۆمەڵگا و جیهانی تەکنەلۆژیا دورکەوتونەتەوە.

هــ.حــ