سەردێڕ:

ساڵی ٢٠١٨ ساڵێكی پڕ له‌ كێشه‌ بۆ فەیسبوک

ساڵی ٢٠١٨ ساڵێكی پڕ له‌ كێشه‌ بۆ فەیسبوک
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-29

639 جار خوێندراوەتەوە

ساڵی ٢٠١٨ ساڵێكی پڕ كێشه‌ بوو بۆ كۆمپانیای فه‌یسبوك. تیایدا بەهای پشكه‌كانی زیاتر له‌ %٢٤ دابه‌زی و رووبه‌ڕووی لێكۆڵینه‌وه‌ی چه‌ند حكومه‌تێك بووه‌وه‌. مه‌سه‌له‌ی  دزه‌كردن و به‌خشینی زانیاری تاكه‌كه‌سیی به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبوك (ناو و ته‌مه‌ن و ژماره‌ی ته‌له‌فۆن  و هاوڕێ و ته‌نانه‌ت نامه‌ی تایبه‌تیش) به‌ كۆمپانیاكانی دیكه‌ بۆته‌ جێگه‌ی ره‌خنه‌ و لێوردبوونه‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی فه‌یسبوك له‌لایه‌ن وڵاتانی گه‌وره‌وه‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی وه‌ك هه‌ڵبژاردن و هاندانی توندوتیژی هێنده‌ی تر كێشه‌كانی فه‌یسبوكی ئاڵۆزكردووه‌. له‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یدا دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی كورته‌ی رووداوه‌كان و ئابڕووچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ و وه‌ڵامه‌كانی كۆمپانیای فه‌یسبوك روونده‌كاته‌وه‌.

كامبریج ئه‌ناڵیتیكا: روسیا و دۆناڵد تره‌مپ و فه‌یسبوك

ده‌ستێوه‌ردانی روسیا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ساڵی ٢٠١٦ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بابه‌تی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی یاساییه‌ كه‌ هێشتا سه‌رجه‌م ئه‌نجامه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه‌. به‌پێی تۆمه‌ته‌كان روسیا به‌ چه‌ندین شێوه‌ هه‌وڵی له‌كه‌داركردنی سیستمی سیاسی و دیموكراسی ئه‌م‌ریكای داوه‌ له‌وانه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ تیمی بانگه‌شه‌ی دۆناڵد تره‌مپدا بۆ بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، له‌كه‌داركردنی پێگه‌ و ناوبانگی هیلاری كلینتن و كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران به‌ چه‌ندین رێگه‌ی جیاواز. یه‌كێك له‌ به‌هێزترین شێوازه‌كانی كاركردنه‌ سه‌ر ده‌نگده‌ران به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بووه‌، له‌نێویاندا فه‌یسبوك.

ته‌نها مانگی ئازاری ٢٠١٨، كاتێك كارمه‌ندێكی كۆمپانیای كامبریج ئه‌نه‌لیتیكا دزه‌ی به‌و زانیاریانه‌ كرد كه‌ له‌سه‌ر فه‌یسبوك هه‌یه‌، قه‌باره‌ی ئابڕووچه‌نه‌كه‌ ئاشكرابوو. كامبریج ئه‌نه‌لیتیكا زانیاری نزیكه‌ی ٨٧ ملیۆن هاوڵاتی له‌ فه‌یسبوك ده‌ستكه‌وتووه‌ بۆ به‌كارهێنانی له‌ ریكلامی سیاسی و ده‌ستێوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. ئه‌م كۆمپانیایه‌ له‌گه‌ڵ تیمی بانگه‌شه‌ی دۆناڵد تره‌مپ و بانگه‌شه‌ی جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا كاری كردووه‌. زانیارییه‌كان له‌رێگه‌ی ئاپێكه‌وه‌ كۆكراونه‌ته‌وه‌ و به‌كارهێندراون بۆ دروستكردنی مۆدێلێكی ئه‌له‌یكترۆنی بۆ پێشبینی كردن و كاریگه‌ریدانان له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران.

به‌كارهێنانی زانیاری هاوڵاتییان به‌بێ ره‌زامه‌ندی خۆیان بووه‌. ئه‌مه‌ش به‌یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین شكاندنه‌كانی حه‌ره‌می پاراستنی تایبه‌تمه‌ندێتی ته‌ماشا ده‌كرێت. له‌وه‌ش مه‌ترسیدار تر ئه‌وه‌بوو، ساڵێك دوای ئه‌م رووداوه‌ (٢٠١٥) كۆمپانیای فه‌یسبوك به‌ كێشه‌كه‌ ده‌زانێت به‌ڵام هیچ نادركێنێت. دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كه‌، مارك زوكه‌بێرگی دامه‌زێنه‌ر و ئه‌فسه‌ری جێبه‌جێكاری فه‌یسبوك داوای لێبوردنی له‌ به‌كارهێنه‌رانی فه‌یبسوك كرد و په‌یمانی ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری ریشه‌ییدا له‌ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زانیاری و پاراستنیاندا.

داوای لێبوردن به‌س نه‌بوو:

ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا مارك بانگهێشت ده‌كه‌ن بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و رووداوه‌. په‌رله‌مانی به‌ریتانیا و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی هاوشێوه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام مارك له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماده‌ نابێت. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ره‌خنه‌ی توندی داكۆكیكاران له‌ مافی زانیاری تایبه‌ت.

كۆتایی ئه‌مساڵیش بۆ یه‌كه‌مجار دادوه‌ری گشتی ویلایه‌تی دی سی له‌ ئه‌مریكا داوای یاسایی له‌سه‌ر كۆمپانیای فه‌یسبوك تۆماركرد و چه‌ند كۆمیته‌یه‌كی دیكه‌ی حكومه‌تی فیدراڵیش سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌ هه‌نگاوه‌كانی فه‌یسبوك.

مارک زوکەبێرگ لە کۆنگرێسی ئەمریکا 

 

به‌ڵام رووداوه‌كان لێره‌دا ناوه‌ستن:

مانگی حوزه‌یران كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی په‌یامی ١٤ ملیۆن هاوڵاتی له‌ تایبه‌ته‌وه‌ گۆڕی بۆ گشتی. فه‌یسبوك داوای لێبوردنی كرد.

هه‌مان مانگ، رۆژنامه‌ی نیۆیۆرك تایمز ئاشكرای كرد فه‌یسبوك بڕێكی زۆر له‌ زانیارییه‌ تایبه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ ٦٠ كۆمپانیای دروستكه‌ری ئامێری ئه‌لیكترۆنیدا ئاڵوگۆڕ ده‌كات، له‌وانه‌ كۆمپانیای ئه‌پڵ (ئای فۆن و كۆمپیوته‌ری ماك) و سامسۆنگ و ئه‌مه‌زۆن و مایكرۆسۆفت.

مانگی ته‌موز و حوزه‌یران فه‌یسبوك ئاشكرای ده‌كات ژماره‌یه‌ك په‌یج و ئه‌كاونتی په‌یوه‌ست به‌ روسییه‌كان و ئێرانییه‌كانه‌وه‌ داده‌خات. فه‌یسبوك هه‌ڵمه‌تێكی ریكلام ده‌ستپێده‌كات بۆ دڵنیاكردنه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌ پاراستنی زانیاریه‌كانیان.

مانگی ئاب جارێكی تر زیاتر له‌ ٥٠ ملیۆن به‌كارهێنه‌ری فه‌یسبوك هاك ده‌كرێن و زانیارییه‌كانیان ده‌دزرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ندین رووداوی دیكه‌ی بچوكتر.

 

نیۆیۆرك تایمز لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی نهێنی زیاتر ئاشكراده‌كات:

كانونی یه‌كه‌م، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نیۆرك تایمز ئاشكرای ده‌كات فه‌یسبوك زانیاری تایبه‌تی به‌كارهێنه‌ران به‌بێ ره‌زامه‌ندی خۆیان داوه‌ته‌ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانی وه‌ك مایكرۆسۆفت، ئه‌مه‌زۆن، سپۆتیفای و نێتفلیكس.

دوای ته‌ماشاكردنی سه‌دان نوسراوی ناوخۆیی كۆمپانیای فه‌یسبوك و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ ٥٠ له‌ كارمه‌ند و هاوبه‌شی پێشووی كۆمپانیاكه‌، نیۆیۆرك تایمز ئاشكرایكرد به‌بێ ره‌زامه‌ندی به‌كارهێنه‌ران، فه‌یسبوك زانیاری وه‌ك ناوی هاوڕێكان، نامه‌ی تایبه‌تی مه‌سنجه‌ر، پۆستی سه‌ر فیسبوك، و ژماره‌ ته‌له‌فۆن و ئیمه‌یلیان داوه‌ته‌وه‌ كۆمپانیاكانی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئامێر و خزمه‌تگوزارییه‌كانی خۆیان پێش بخه‌ن و له‌هه‌مانكاتیشدا فه‌یسبوك داهاتێكی زیاتر به‌ ریكلام په‌یدا بكات. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا بووه‌ كه‌ فه‌یسبوك به‌ فه‌رمی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ نادات به‌ هیچ لایه‌نێكی دیكه‌. 

رۆژنامه‌كه‌ ئاشكرایكردووه‌، ئه‌م زانیاریانه‌ له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ ١٥٠ كۆمپانیادا به‌شكراوه‌ و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌دان ملیۆن به‌كارهێنه‌ری فه‌یسبوك هه‌بووه‌ و له‌ ساڵی ٢٠١٠ه‌وه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه‌.

مارك زوکه‌بێرگ ده‌ڵێت، "ئێمه‌ زانیاری به‌ كه‌س نافرۆشین." راسته‌، زانیارییه‌كان نه‌فرۆشراون به‌ڵام دراون به‌ كۆمپانیای دیكه و له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌وانیش كارئاسانیان بۆ فه‌یسبوك و خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ی كردووه‌ و له‌ ده‌ره‌نجامیشدا داهاتی كۆمپانیاكه‌ به‌رز بۆته‌وه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی زانیارییه‌كانیان به‌بێ مۆڵەت به‌كارهێندراوه‌ گه‌لێك زیاتره‌ له‌و ٨٧ ملیۆنه‌ی كه‌ له‌رێگه‌ی كامبریج ئه‌ناڵیتیكاوه‌ دزی كردبوو. مانگانه‌ سه‌دان ملیۆن به‌كارهێنه‌ر زانیاریه‌كانیان بۆ كۆمپانیا گه‌وره‌كان ئاشكراكراون. ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ فه‌یسبوك دوای ئابڕووچوونه‌كه‌ی كامبریج ئه‌ناڵیتیكا په‌یمانی ئه‌وه‌یدا كه‌ گۆڕانكاری ریشه‌یی بكات له‌ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زانیاری هاوڵاتیاندا.

فه‌یسبوك له‌ وه‌ڵامدا هۆكاری هاوبه‌شیكردنی ئه‌م زانیاریانه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌وره‌كاندا روونكردۆته‌وه‌ و تیایدا باس له‌و سودانه‌ ده‌كات كه‌ به‌كارهێنه‌ران له‌م جۆره‌ هه‌ماهه‌نگییه‌ وه‌ریده‌گرن. یه‌كێك له‌ سوده‌كانی به‌خشینی زانیاری تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌كارهێنه‌ران بتوانن خزمه‌تگوزارییه‌كانی فه‌یسبوك له‌ناو پلاتفۆڕمی كۆمپانیاكانی وه‌ك ئه‌پڵ و یاهوودا باشتر و ئاسانتر به‌كاربهێنن. سودێكی تری ئه‌م به‌شدارییه‌ بریتیه‌ له‌ پێشنیازكردنی بابه‌تی خوارزاو بۆ هاوڕێی به‌كارهێنه‌ران، بۆنمونه‌ كاتێك ته‌ماشای فیلمێك ده‌كه‌یت، ئه‌و فیلمه‌ بۆ هاوڕێكانیشت پێشنیاز ده‌كرێت. ئه‌مه‌ش كۆمپانیایه‌كی تایبه‌ت به‌ خزمه‌تگوزاری فیلم ده‌یكات وه‌ك نێت فلیكس.

فه‌یسبوك ده‌ڵێت، هه‌میشه‌ به‌كارهێنه‌ران ره‌زامه‌ندی خۆیان پیشانداوه‌ پێش به‌كارهێنانی ئه‌م خزمه‌تگوزاریانه‌، بۆ نمونه‌ كاتێك ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئاپێكی وه‌ك سپۆتیفای خزمه‌تگوزاری مۆسیقا پیشانده‌ده‌یت، ئه‌وه‌ ره‌زامه‌نه‌دیت له‌سه‌ر هاوبه‌شیكردنی نامه‌ تایبه‌ته‌كانت پیشانداوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه‌دا. واته‌، ده‌توانن نامه‌ تایبه‌ته‌كانت بخوێننه‌وه‌

وه‌ڵامه‌كه‌ی فه‌یسبوك بۆته‌ جێگه‌ی ره‌خنه‌ و لێوردبوونه‌وه‌. له‌ ساڵی ٢٠١١دا فه‌یسبوك به‌ كۆمیته‌ی بازرگانی فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت كه‌ چیتر زانیاری به‌كارهێنه‌ران ناده‌نه‌ هیچ لایه‌نێكی تر به‌بێ ره‌زامه‌ندی روون و ئاشكرا. هه‌ندێك له‌ شاره‌زایانی تایبه‌تمه‌ندێتی ده‌ڵێن فه‌یسبوك ئه‌و به‌ڵێنه‌ی شكاندووه‌.

 

"چه‌ندینجاره‌ فه‌یسبوك نه‌یتوانیوه‌ به‌ روونی و به‌ زمانێكی ساده‌ ئه‌وه‌ بۆ خه‌ڵك روونبكاته‌وه‌ چۆن زانیارییه‌كانی خه‌ڵك كۆده‌كرێنه‌وه‌، گه‌نجینه‌ده‌كرێن، ده‌به‌خشرێن و وه‌لا ده‌نرێن،" وته‌بێژی پرایڤه‌سی ئینته‌رناشناڵ به‌ كه‌ناڵی بی بی سی راگه‌یاند. "ته‌نها قه‌باره‌ی ئابڕووچوونه‌كانی فه‌یسبوك له‌ ساڵی ٢٠١٨دا مێشك تێكده‌ر بووه‌ و ئه‌وه‌ پیشان ده‌دات كه‌ ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر زانیاری هه‌م زۆر و هه‌م سیستماتیكه‌."

 

زیاتر له‌ ٢ ملیار و ٢ سه‌د ملیۆن كه‌س ئه‌كاونتی فه‌یسبوكیان هه‌یه‌ و بڕێكی زۆر زانیاری تایبه‌تیان خستۆته‌به‌رده‌ست ئه‌م كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی گه‌وره‌ترین تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌جیهاندا به‌ خۆڕایی. به‌ڵام ئه‌مڕۆ دوای ئاشكرابوونی چه‌ندین رووداوی نه‌خوازراو، هه‌ر له‌ ده‌ستێوه‌ردانی هه‌ڵبژاردنی وڵاتان و هاندانی توندتوتیژی (له‌ میانمانر و هیندستان) بۆ به‌خشینی تایبه‌تترین زانیاری (په‌یامی نێوان دوو كه‌س یان زیاتر له‌ مه‌سنجه‌ردا) بوونه‌ته‌هۆی داواكردن و هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی باشترین رێگه‌چاره‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی ئه‌م كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌ و له‌گه‌ڵیشدا كۆمپانیای دیكه‌ی هاوشێوه‌.

یاسا و سزاكان:

یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ ساڵی ٢٠١٦ یاسایه‌كی به‌هێزی بۆ پاراستنی زانیاری هاوڵاتییان په‌سه‌ند كرد.  رێوشوێنی گشتی پاراستنی زانیاری ئه‌مساڵ (٢٠١٨) ، كه‌وته‌گه‌ڕ به‌مه‌به‌ستی ئاسانكردنی یاساكانی په‌یوست به‌ پاراستنی زانیارییه‌ تایبه‌ته‌كانه‌وه‌. به‌پێی ئه‌م یاسایه‌، تاكه‌كه‌س به‌ ئاسانی ده‌توانێت كۆنترۆڵی زانیارییه‌كانی خۆی بكات و كۆمپانیاكانیش ده‌بێت به‌ڕوونی و ئاشكرا داوای ره‌زامه‌ندی هاوڵاتییان بكه‌ن كاتێك بیانه‌وێت زانیاریه‌كانیان به‌كاربهێنن. هه‌روه‌ها سزای شكاندنی یاساكانی به‌رزكرده‌وه‌ بۆ ١٠ ملیۆن یۆرۆ یاخود %٢ی داهاتی جیهانی كۆمپانیاكه‌ و له‌ حاڵه‌تی پێشێلكاری گه‌وره‌تریشدا غه‌رامه‌كه‌ ده‌گاته‌ دوو هێندی ئه‌و بڕه‌.

له‌ یه‌كه‌م پێشێلكاری گه‌وره‌دا و ته‌نها چه‌ند رۆژێك دوای كه‌وتنه‌گه‌ڕی یاساكه‌، هه‌ردوو كۆمپانیای فه‌یسبوك  و گوگڵ رووبه‌ڕووی تۆمه‌ت بوونه‌وه‌ به‌وه‌ی به‌كارهێنه‌رانیان ناچاركردووه‌ كه‌ رێنماییه نوێكانی به‌كارهێنان په‌سه‌ند بكه‌ن به‌بێ پێشكه‌شكردنی بژارده‌یه‌كی ئازاد. واته‌ به‌كارهێنه‌ران ناتوانن فه‌یسبوك به‌كاربهێنن ئه‌گه‌ر ره‌زامه‌ندی پیشان نه‌ده‌ن و ته‌نها بژارده‌ی سڕینه‌وه‌ی ئاپ یان به‌كارنه‌هێنانی فه‌یسبوكیان له‌به‌رده‌ستدایه‌. ئه‌مه‌ بۆ زۆر له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ش راسته‌- یان رازیبوون یان نه‌مان!

ساڵی ٢٠١٨ ساڵێكی هۆشیاركه‌ره‌وه ‌بوو بۆ سه‌دان ملیۆن هاوڵاتی جیهان. دوای ئاشكرابوونی نهێنی و دزه‌كردنی زانیاری له‌سه‌ر چۆنێتی به‌كارهێنان و پاراستنی زانیاری تایبه‌تی هاوڵاتییان له‌سه‌ر فه‌یسبوك، كۆمپانیاكانی دیكه‌ش كه‌وتوونه‌ به‌رده‌م پرسیار و گومانه‌وه‌.

له‌ لایه‌ك حكومه‌ت و یاساداڕێژه‌ران هه‌وڵی تێگه‌یشتن و داڕشتنی یاسا ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشانه‌ و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ رۆژنامه‌نوس و چالاكوانانی مه‌ده‌نی خه‌ریكی هه‌ڵكه‌ندنی زانیاری شاراوه‌ و نهێنی زیاتری ئه‌م كۆمپانیایانه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌كارهێنه‌ران باشتر له‌ پارێزراوی زانیاریه‌كانیان تێبگه‌ن. هاوڵاتیانیش چاوه‌ڕێن، هه‌ندێك ده‌ستیانكردووە به‌ سڕینه‌وه‌ی ئه‌كاونت و لابردنی زانیاری تایبه‌ت و هه‌ندێكی دیكه‌ش گوێناده‌نه‌ زانیارییه‌كانیان تاوه‌كو بتوانن ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ر به‌كاربهێنن. به‌ڵام له‌كاتێكدا رۆژ له‌ دوای رۆژ ئاڵوگۆڕ و مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و ئۆنلاین ده‌ڕوات، ساڵانی داهاتوو پێویستی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌ی گونجاو بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م ژینگه‌ نوێیه‌دا زیاتر و زیاتر ده‌بێت.

ش.ق