سەردێڕ:

ترەمپ هۆکاری بەنهێنی هاتنی بۆ عێراق ئاشکرادەکات

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مێلانیای خانمی لە کاتی سەردانەکەیان بۆ عێراق
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2018-12-27

48645 جار خوێندراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەھۆی بوونی مەترسی لەسەر دامەزراوەی سەرۆکایەتی و مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا سەردانەکەی بە نهێنی کردووە و پێویستبووە بەنھێنی چاوی بە سەربازەکانی ئەمریکا لە عێراق بکەوێت.

لە ڕوونکردنەوەیەکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە سەردانە نھێنییەکەیدا بۆ عێراق، مەترسی لەسەر دامەزراوەی سەرۆکایەتی و مێلانیا خانمی یەکەمی وڵاتەکەی لادروستبووە ، نەک وەک کەسایەتی خۆی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، جێگەی داخە کاتێک، حەوت تریلیۆن دۆلار لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست خەرج بکەیت و دواتریش بەنھێنی سەردانی ناوچەکە بکەیت.

لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا ئەو مەترسییانەی رووننەکردەوە کە پەیوەستن بە دامەزراوەی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەڵام وتوویەتی پێشتر دوو سەردانی بۆ عێراق هەڵوەشاندووەتەوە، بەهۆی ئەوەی کاتی سەردانەکان ئاشکرابووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بڵاوبوونەوەی هەواڵی سەردانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و هاوسەرەکەی بۆ یەکێک لە بنکە سەربازییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە نهێنی و بەبێ بینینی هیچ بەرپرسێکی عێراقی، کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە لایەنەکان بە پێشێکلردنی عورفی دیپلۆماسی وەسفیانکرد.

ش.ق