سەردێڕ:

کۆشکی سپی هۆکاری کۆنەبوونەوەی ترەمپ و عەبدولمەهدیی ئاشکراکرد

کۆشکی سپی هۆکارەکانی کۆنەبوونەوەی ترەمپ و عەبدولمەهدی ئاشکراکرد
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-27

13522 جار خوێندراوەتەوە

کۆشکی سپی هۆکارەکانی کۆنەبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئاشکراکرد و رایگەیاند، سەردانەکە کتوپڕ بووە و درەنگوەخت لایەنی عێراقییان لە سەردانەکە ئاگادارکردووەتەوە.

سارە ساندێرز وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق کتوپڕ بووە و نەیانتوانیوە پێشوەخت بەرپرسانی عێراق لەو پرسە ئاگاداربکەنەوە، بەوهۆیەشەوە ترەمپ نەیتوانیوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆببێتەوە.

وتەبێژەکەی کۆشکی سپی راشیگەیاند، هۆکارێکی دیکەی کۆنەبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و عادل عەبدولمەهدی ئەمنیی بووە و وتی، "سەردانەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق  پێویستی بە دابینکردنی رێوشوێنی ئەمنی هەبووە."

ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزیش ئاشکرای کرد، عادل عەبدولمەهدی ئامادە نەبووە لە بنکەیەکی سەربازییدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپدا کۆببێتەوە.

پێشتر نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو، دوای گەیشتنی بە عێراق، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و دواین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان باسکردووە.

ع.ا