سەردێڕ:

سەیدسادق.. زیاتر لە دوو ساڵە نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشنەکراوە

لە سەیدسادق زیاتر لە دوو ساڵە نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشنەکراوە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-12-27

1254 جار خوێندراوەتەوە

لە سەیدسادق زیاتر له‌ دوو ساڵە نەوت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشنەکراوە، لە کاتێکدا زۆربەی ناوچەکانی دیکە لەو ماوەیەدا نەوتیان بەسەردا دابەشکراوە، هاوڵاتییانیش داواده‌كه‌ن بە زووترین کات نەوتیان پێبدرێت، چونكە نەوت لە بازاڕدا نرخی گرانە و ناتوانن بیكڕن.

ساڵانی ڕابردوو قەزای‌ سه‌یدسادق و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریی، دووجار نه‌وتیان پێده‌درا، بەڵام ئێستا سەرەڕای ئەوەی نەوتیان پێنەدراوە، نزیکەی مانگێکیشە کاتی دابەشکردنی کارەبای نیشتمانی کەمکراوەتەوە.

بەرپرسانی ئیداری قەزاکە باسلەوەدەکەن، دابەشکردنی سوته‌مه‌نی‌ لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە، به‌ڵام بەڵێنی ئەوەیان له ‌پارێزگاری‌ سلێمانی وه‌رگرتوه‌ کە له‌م هه‌فته‌یه‌دا دابەشکردنی نەوت له‌سنوره‌كه‌یاندا ده‌ستپێبكات و هه‌ر خێزانێك به‌رمیلێك نه‌وتی پێبدرێت له ‌رێگه‌ی‌ كارتی‌ زیره‌كه‌وه، لە بەرامبەر هەر بەرمیلێک نەوتیشدا ٥٤ هەزار دینار وەردەگیرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان کردووە بۆ داواکردنی نەوت و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

قەزای سەیدسادق له‌رووی‌ ئیداریه‌وه‌ سه‌ربه‌ پارێزگای‌ سلێمانیه ‌و ٥٥ كیلۆمەتر له‌ سه‌نته‌ری‌ پارێزگاكه‌وه‌ دووره‌، ژمارەی دانیشتوانەكەشی زیاترە لە ١١٠ هەزار كەس.

ش.ق