سەردێڕ:

ترەمپ هیچ بەرپرسێکی عێراقی نەبینی

فۆتۆ: 
2018-12-27

10920 جار خوێندراوەتەوە

لە سەردانە کتوپڕەکەیدا بۆ عێراق، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا جگە لە پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، چاوی بە هیچ بەرپرسێکی عێراقی نەکەوتووە.

ترەمپ لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق جگە لەکۆبونەوە لەگەڵ سەربازانی وڵاتەکەی لە بنکەی سەربازی (عەین ئەلئەسد) لە قەزای هیت، لەگەڵ هیچ بەرپرسێکی عێراق کۆنەبووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، مەکتەبی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، دوای گەیشتنی بە عێراق، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و عادل ئەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیوەندی تەلەفونیان ئەنجامداوە و دواین پێشهاتی ناوچەکەیان باسکردووە.

کۆشکی سپی ئەمریکا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەشێوەیەکی کتوپڕ سەردانی عێراقی کردووە.

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانەکەیدا بۆ بەسەرکردنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق، میلانیا ترەمپ خانمی یەکەمی ئەمریکاش هاوڕێیەتی کردووە.

ترەمپ سەردانی هێزەکانی وڵاتەکەی کردووە لە بنکەی سەربازی (عەین ئەلئەسد) لە قەزای هیتی سەر بە  پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق.

لە وتەیەکدا بۆ ژمارەیەک لە هێزەکانی وڵاتەکەی لەو بنکە سەربازییە، ترەمپ ڕایگەیاندووە کاتی ئەوەیە کە مێشکمان بەکاربێنین.

سەردانەکەی ترەمپ تەنها سێ کاتژمێری خایاندووە.

سەبارەت بە سوریاش سەرۆکی ئەمریکا بە ڕاوێژکارەکانیی وتووە "با لە سووریا بچینە دەرەوە".

لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا،ئەوە یەکەمجارە ترەمپ سەردانی عێراق بکات، سەردانەی بۆ عێراق هاوکات لە دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیەتی لە سوریا.

ئ. ف