سەردێڕ:

میدیاکانی جیهان.. داخستنی بەشێک لە دامودەزگاکانی حکومەتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت

داخستنی بەشێک لە دامودەزگاکانی حکومەتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2018-12-26

1106 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رۆژانە گرنگترین مانشێت و ھەواڵە جیھانییەکان بڵاودەکاتەوە و ئەمڕۆش ئەم ھەواڵانە لە میدیا جیھانییەکاندا دەبینرێت:

ماڵپەڕی حوریەت دەیلی نیوزی تورکی بڵاویکردووەتەوە، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا داوای لە بەرپرسانی دامەزراوەی گوگڵ کردووە  کوردستان لەسەر نەخشەی گوگڵ بسڕنەوە. جاهیت توران وەزیری گواستنەوەو ژێرخانی تورکیا لە پەڕلەمانی وڵاتەکەی ئاشکرایکرد، لەوبارەیەوە گفتوگۆیان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پلاتفۆڕمی گوگڵ کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە نەخشەی گوگڵ هەر چوارپارچەی کوردستانی وەک هەرێمێکی جیۆکلتوری جیاکردووەتەوە.

++++

ماڵپەڕی ئەلجەزیرە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆیی سوریاوە ئاشکرایکردووە، هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا گەیشتوونە شاری منبجی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی یەپەگە، هێزەکە کاروانێکی بارهەڵگری پڕچەک و دوو تانک و ژمارەیەک زرێپۆشیان لەگەڵدابووە، بە گوێرەی سەرچاوەکان هێزەکە گەیشتووەتە گوندی عەریمە کە ٢٥ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری مەنبجەوە دوورە.

++++

ماڵپەڕی ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی نوسیویەتی، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر پێگەکانی سوپای ئێران و حزبوڵڵای لوبنان لە نزیک دیمەشقی پایتەختی سوریا و بەهۆی هێرشەکەشەوە ژمارەیەک سەرکردەی باڵای ڕێکخراوی حزبوڵا برینداربوون، ئاماژەش بەوەکراوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل سێ پێگەی سەربازییان لە رۆژئاوا و باشوری دیمەشق بۆردومانکردووە، کە کۆگای چەک و تەقەمەنی سوپای ئێران و حزبوڵڵای لوبنان بوون.

+++++

لە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزدا بلاوکراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، داخستنی بەشێک لە دامودەزگاکانی حکومەتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی وڵاتەکە دەگاتە ڕێککەوتنێک سەبارەت بە تەرخانکردنی بودجەیەک بۆ بنیادنانی دیوارێکی سنوری لە نێوان وڵاتەکەی و مەکسیک، ترەمپ وتوشیەتی، بنیادنانی ئەو دیوارە ڕێگە لە گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لەو سنورە بۆ ناو خاکی ئەمریکا دەگرێت.

++++

لە بەشی تەندروستی ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانیدا ئاماژە بەوەدەکرێت، زانایانی زانکۆی کامبریج توانییان گرێی شێرپەنجەیی بەشێوەی سێ ڕەهەندی بخەنەڕوو، زانایان لەدوای وەرگرتنی نموونەیەک لە گرێی شێرپەنجەییەکە بە شێوەی سێ ڕەهەندی نیشانی دەدەن کە بەوجۆرە دەتوانرێت وردتر و لە هەموو گۆشەیەکەوە شیبکرێتەوە کە هەر خانەیەک بەجیا نەخشەدەکرێت. ئەوەش هاوکاردەبێت لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشییە.

ش.ق