سەردێڕ:

گەڕانەوەی کۆچبەران لە ئەڵمانیاوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان ڕووى لە زیادبوون کردووە

تائێستا ١٤ ھەزار کۆچبەر بۆ وڵاتەکانى خۆیان گەڕاونەتەوە
فۆتۆ: ئاژانسەکان
2018-12-26

7866 جار خوێندراوەتەوە

  دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى، ئەڵمانیا، هەڵگورد عومەر

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی ئەمساڵدا ١٤ھەزار کۆچبەر بۆ وڵاتەکانى خۆیان  گەڕاونەتەوە و ڕێژەکەش بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتربووە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاشکرایکردووە ، لەمساڵدا ٢٣٥  ھەزار  کۆچبەر کەیسەکانیان خراونەتە ژێر چاودێرییەوە، یاخود ئاگادار کراونەتەوە  بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە  بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام لەو ژمارەیە تەنھا ١٧٨ ھەزاریان توانراوە کاری لەسەر بکرێت.

ڕاشیگەیاندووە،  ڕێژەی  ٪‏٤٠ى  حاڵەتەکانی  بەزۆر ناردنەوە شکستى ھێناوە،  زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەشی کە گەڕاونەتەوە بەخواستی خۆیان بووە  یاخود دۆخى ئەمنى شارەکانیان باشتربووە.

پێشتروەزارەتى ناوخۆى ئەو وڵاتە  بڕێک پارەی زیاد کرد وەک ھاوکاری بەو کۆچبەرانەى  کە دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان بە جۆرێک بۆ ھەر کەسێک نزیکەی ١٢٠٠ یۆرۆیە و کۆچبەرێکیش مافی مانەوەی ڕەتکرابێتەوە نزیکەی ٨٠٠ یۆرۆیە.

بەهۆى نالەبارى دۆخى ئەمنى و ئابورى چەند وڵاتێکى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ژمارەیەکى زۆرى کۆچبەران لەو وڵاتانەوە بۆ وڵاتانى ئەوروپا کۆچیانکردووە، و ئەڵمانیاش یەکێکە لەو وڵاتانەى کە زۆرترین پەنابەرى وەرگرتووە.

ئ.ر