سەردێڕ:

تورکیا و ئەمریکا لەسەر پرسی سوریا دەستیان خستە ناو دەستی یەکتر

ئەردۆغان ترەمپی بانگهێشتی تورکیا کردووە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-26

5593 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژ بە ڕۆژ تورکیا لە بەدیهێنانی لە خواستەکانى خۆى لە سوریا نزیکدەبێتەوە، بەجۆرێک لەدواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەو وڵاتە، بەرپرسانی تورکیاش دەڵێن بەم زوانە بۆسەر رۆژهەڵاتی روباری فورات ئۆپراسیۆن دەکەن، وڵاتانی جیهانیش ئۆپراسیۆنەکە قبوڵدەکەن.

مه‌ولود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ڕایگەیاند، رێگە نادەن دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، بۆشایی ئەمنی دروست ببێت، لەگەڵ ئەمریکاش له‌سه‌ر ئاستی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگری پرسی سوریا تاوتوێ دەکەن.

هاوکات هۆگن گێدلی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند ئەردۆغان ترەمپی بانگهێشتکردووە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2019 دا سەردانی وڵاتەکەی بکات، ترەمپیش ئامادەیە لە داهاتوودا لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە.

بریاریشە لەم هەفتەیەدا شاندێکی سەربازیی ئەمریکا سەردانی تورکیا بکات، ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیاش وتی، لەگەڵ شاندەکەدا باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و پڕکردنەوەی شوێنەکانیان دەکەین.

بەوتەی ئیبراهیم کاڵن، پەیوەندییەکانى نێوان ئەمریکا و تورکیا تەنها بۆ بەرژەوەندیى سەربازى نییە، لەلایەکی دیکەشەوە وەزیرى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دان بەوەدا دەنێت کە نەخشە ڕێگەی منبەج هەڵەبووە و لەگەڵ واشنتۆنیش رێککەوتوون لەسەر ئەوەی نەخشەڕێگەی منبج تەواوبکەن، تا ئەوکاتەی ئەمریکا لە سوریا دەکشێتەوە.

مەولود چاوشئۆغڵۆ دەڵێت، بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی روباری فورات چیدی ئەنقەرە ناتوانێت چاوەڕێ بکات و بەمنزیکانە ئۆپراسیۆنەکە دەستپێدەکەن.

ئەم وتانەی بەرپرسانی تورکیا لە کاتێکدایە، پێشتر ئەردۆغان رایگەیاندبووە، پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجامداوە و ئەو پەیوەندییە تەلەفونییەش بووەتەهۆی ئەوەی کە بۆماوەیەکی کاتی ئۆپراسیۆنەکە دوابخەن.

ئەوەشی خستەڕوو، بە بەرپرسانی ئەمریکایان راگەیاندووە کە نابێت کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا لە خزمەت و بەرژەوەندیی پەیەدەدا دابێت و واشنتنیش لەو باوەڕەدایە کە پرسی منبج دواکەوتووە و دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.

بەشێک لە میدیاکانیش هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە، کە وەزیری دەرەوەى ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە هەریەکە لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆمار کردووە، هێز ڕەوانەی سوریا بکەن، بەڵام عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕەتیکردەوە لەبارەی ناردنی هێز بۆ سوریا هیچ داواکارییەکیان پێگەیشتبێت.

ع.م