سەردێڕ:

جارێکی تر ئیسرائیل هێرشیکردەوە سەر بنکەکانی ئێران لە سوریا

سوریاش بە موشەک وەڵامی داوەتەوە
هێرشەکانی ئەمشەوی ئیسرائیل بۆسەر سوریا
فۆتۆ: ڕۆیتەزر
2018-12-26

22023 جار خوێندراوەتەوە

ئەمشەو دژە ئاسمانییەکانی سوریا ڕووبەڕووی چەند هێرشێکی ئاسمانی بوونەوە کە حکومەتی دیمەشق بە هی ئیسرائیل ناویبردووە لە نزیک دیمەشقی پایتەخت.

ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە، بەرپەرچدانەوەکان لە ناوچەی ڕیفی دیمەشق بووە.

لە لایەکی ترەوە ڕوانگەی مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوە، بەلای کەمەوە ٣ تەقینەوە لە ڕیفی خۆرهەڵات و خۆرئاوای باشوری  دیمەشق ڕوویانداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆردومانەکان بنکە و بارەگا و کۆگای چەک و تەقەمەنی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانیان کردووە ئامانج و بەلای کەمەوە ٣ کۆگا بەر هێرشەکان کەوتوون.

میدیاکان بڵاویانکردەوە، بۆردمانەکان لە لایەن ئێسرائیلەوە ئەنجامدراوە و موشەکەکان لەسەر ئاسمانی لوبنانەوە ئاراستەی ناوخۆی سوریا کراون و پاشماوەی موشەکاکان لە ناوچەکانی بیقاعی لوبنان کەوتوونەتەوە.

لە لایەکی ترەوە سوریا چەند موشەکێکی ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلان کردووە، بەڵام بەوتەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن دژە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە بەرپەرچدراونەتووە سەرچاوە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، سەرچاوەی موشەکەکان لە سوریاوە بووە.

لەوباریەوە ئەفیخای ئەدرعی وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، سیستمی دژە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل خراونەتە کارو بەرپەرچی ئەو موشەکانەیان داوەتەوە کە لە سوریاوە بە ئاراستەی ناوچەکای ئیسرائیل تەقێنراون.

رەتیشیکردەوە هێرشە موشەکییەکانی سوریا هیچ زیانێکیان لێکەوتبێتەوە لە خاکی ئیسرائیلدا

لە دوای بۆردومانەکانیش فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکانی بیقاء و باشوری لوبنان بەچڕی سوڕاونەتەوە.

لە ماوەی ئەمساڵدا بۆ بۆ چەندەمین جارە سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی موشەکی دەکاتە سەر سوریا، بە وتەی خۆی سەرجەم هێرشەکان دەکرێتە سەر کۆگای چەک و تەقەمەنی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان.

تا ئێستا چەند جارێک لێپرسراوە باڵاکانی ئیسرائیل دووپاتکردووەتەوە، ڕێگە نادەن بە ئێران لە نزیک سنورەکانی چالاکی هەبێت و مەترسی دروستبکات بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان لە سوریاوە.

ع.م