سەردێڕ:

سەرۆکی سودان خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی بە خائین ناودەبات

هەڕەشەی لە خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی دەکات و بە خائین ناویان دەبات
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-25

2348 جار خوێندراوەتەوە

سەرباری ئەوەی دوێنێ عومەر حەسەن بەشیر سەرۆکی سودان بەڵێنی ئەنجامدانی چاکسازی دا لە وڵاتەکەیدا، بەڵام ئەمڕۆ هێرشی توندی کردە سەر خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەی و بە خائین ناویبردن.

لە وتەیەکدا سەرۆکی سودان بە زمانێکی زبر ڕووبەڕووی خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەی بوویەوە و ئاماژەی بەوە کرد، چەند دەوڵەتێک و کەسانی غائیب و بەکرێگیراو لەپشت خۆپیشاندانەکانی سودانەوەن.

لە وتەکانیدا بەشر ئاماژەی بەوە کرد، کەسانی هەلپەرست و خائین دۆخی خراپی ئابوری و گوزەرانیان قۆستووەتەوە، بۆ تێکدان و ئاژاوەنانەوە بۆ خزمەتی دوژمنانی سودان.

ئەو وتانەی سەرۆک کۆماری سودان دوای ئەوە دێت، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ئەو وڵاتە گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان، کە ئەمڕۆ لە شەقامەکانی خەرتومدا داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی وڵاتەکەیان کرد.

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران ویستوویانە خۆیان بگەیەننە کۆشکی سەرۆکایەتی سودان، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لێ کردوون و بە توندوتیژی بڵاوەیان پێ کردوون.

ماوەی هەفتەیەکە خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی سودان لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای ئەو وڵاتە درێژەی هەیە و سەندیکا پیشەییەکانی ئەو وڵاتەش چوونەتە پاڵیان و داوای چاکسازی و دانانی سنورێک دەکەن بۆ هەڵئاوسانی ئابوری و کەمی خۆراک.

حزبی ئۆپۆزسیۆنی ئومەی سودانی کە سادق مەهدی سەرۆکایەتی دەکات ڕایگەیاندووە، لەوەتەی خۆپیشاندانەکان دەستیپێکردووە ٢٠ کەس کوژراون، بەڵام ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، لەوەتەی خۆپیشاندانەکان دەستیپێکردووە، ٣٧ خۆپیشاندەر بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

عومەر بەشیر لە ساڵی ١٩٨٩وە دوای ئەنجامدانی کودەتایەکی سەربازی بەسەر سادق مەهدی سەرۆکی ئەوکاتەی سودان، دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و نزیکەی ٣٠ ساڵە لەو پۆستەدایە.

ع.م