سەردێڕ:

حەشدی شەعبی هەڵوێستی خۆی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ڕاگەیاند

حەشدی شەعبی ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکانی داعش
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2018-12-25

11171 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانی حەشدی شەعبی ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر مەترسییەک کە لە دەرئەنجامی بڕیاری ئەمریکا بە کشانەوەی سوپای وڵاتەکەی لە سوریا بێتە ئاراوە.

حەشدی شەعبی هۆشداری لەو هەنگاوە دا و ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو پلانە ئامانج لێی بواردانە بە چەکدارانی داعش بێنەوە ناو خاکی عێراقەوە.

ماڵپەڕی فەرمیی حەشدی شەعبی لە زاری حەیدەر عادل فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوای حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە پارێزگای نەینەوا زۆرن و، هێزی یەدەگی ئامادەشیان هەیە بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا بە کشانەوەی هێزەکانی نوێ نییە و ئامانج لێی بواردانە بە چەکدارانی داعش، بۆئەوەی جارێکی تر بگەڕێنەوە ناو خاکی عێراق.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئەو سەرکردەی حەشدی شەعبی وتی، "هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ قۆناغێکی تایبەت، لە ڕووداوێکی نزیکدا بۆشیان ئاشکرا بووە، کە هێزەکانی ئەمریکا چەک و کەلوپەلیان بۆ چەکدارانی داعش جێهێشتووە بۆئەوەی لە ناوخۆی عێراقدا بەکاریبهێنن."

ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێکردنی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیی لە سوریا ڕاگەیاند، کە ژمارەیان لە دوو هەزار سەرباز زیاترە، ئەو هەنگاوەش نیگەرانی هێزەکانی سوریا و دیموکراتی و چەند دەوڵەتێکی تری لێ کەوتەوە، لە پێش هەموویانەوە فەڕەنسا.

ع.م